بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنوچەهر حەبیبی پیرۆزبایی پەسەندکردنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە کرد و وتی: بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی بۆردومانی کیمیایی هاتووینەتە ئەم پارێزگایە و ئامانج لە سەردانەکەش بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو پارێزگایە.
ناوبراو بە ئاماژە بە پەیوەندییە کەلتوری و مێژووییەکانی نێوان هەر دوو پارێزگای کرماشان و هەڵەبجە، وتی: کرماشان و هەڵەبجە پەیوەندییەکی زۆریان پێکەوە هەیە و بە تایبەت ئەم پەیوەندییە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و لە نێوان خێزان و بنەماڵەکانی ئەم دوو پارێزگایە زۆر بەرچاوە و کرماشان و هەڵەبجە لە زۆر بواری وەک ئابوری، کۆمەڵایەتی و کەلتوری بەسراوەی یەکترن.
پارێزگاری کرماشان وتی: لە گەڵ پارێزگار و بەڕێوەبەرانی پارێزگای هەڵەبجە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشمان هەبوو کە تێیدا چەندین بابەت تاوتوێ کرا و بۆ جێبەجێکردنیان بڕیار درا.
حەبیبی بە ئاماژە بە گرنگی دەروازە و بازاڕچە سنورییەکان وەک یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کرماشان و هەڵەبجە، وتی: بە هاوکاری هەر دوو پارێزگا، ژێرخانە سنورییەکان و بازاڕچە سنورییەکان گەشە دەستێنن.
ناوبراو وتی: بە پێی ئەو ڕێکەوتنە کراوە، لێژنەیەک بە بەرپرسیارێتی هەر دوو قایمقامی پاوە و هەڵەبجە پێکدەهێندرێت تا ڕاسپاردەکانی ئەم سەردانە بە تایبەت لە بواری دەروازە و بازاڕچە سنورییەکان بەدواداچوونی بۆ بکرێت و بڕیار درا هەر دوو قایمقام بە شێوازی مانگانە و پارێزگاران بە شێوازی وەرزی کۆببنەوە.
پارێزگاری کرماشان سەبارەت بە دەروازەی سنوریی شۆشمێ وتی: بڕیاری زۆر باش سەبارەت بەم دەروازە سنورییە درا و کێشە و گرفتەکانی چارەسەر دەکرێت. هەروەها بەدواداچوون بۆ زیاترکردنی کاتژمێرەکانی کارکردن و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی خەڵک دەکرێت.
حەبیبی وتی: سەبارەت بە هەر دوو دەروازەی سنوریی شێخ سڵە و سازان بڕیاری ئەرێنی درا و بەدواداچوونی پێویست بۆ کاراکردنی هەر دوو سنورەکە دەکرێت.
پارێزگاری کرماشان سەبارەت بە کەرتی تەندرووستی هەڵەبجە وتی: بە پێی پێداویستییە پزیشکییەکانی ئەم پارێزگایە، بڕیار درا شاندێک لە پزیشکانی پسپۆڕی کرماشانی لە ماوەی یەک تا دوو مانگی داهاتوو سەردانی هەڵەبجە بکەن و لە ڕووی پزیشکییەوە هاوکاری نەخۆشانی ئەم پارێزگایە بکەن.
ناوبراو سەبارەت بە ڕێکەوتنەکانی هەر دوو پارێزگا لە بواری خوێندنی باڵا، وتی: ئامادەیی وەرگرتنی خوێندکارانی هەڵەبجە لە زانکۆکانی پارێزگای کرماشان بە تێڕوانینی تایبەتەوە هەیە و وەک چۆن کە نزیکەی دوو هەزار خوێندکاری عێراقی لە پارێزگای کرماشان سەرقاڵی درێژەدان بە پرۆسەی خوێندنن، خوێندکارانی هەڵەبجە بە تێڕوانینی تایبەتەوە وەردەگیرێن.
مەنوچەهر حەبیبی وتی: لە بواری خزمەتگوزارییەکانی تەکنیکی و ئەندازیاری و بیناسازی، بڕیارە شاندێکی پسپۆڕ ڕەوانەی هەڵەبجە بکرێت تا بەستێنی هاوکاری و وەبەرهێنانی هاوبەش لەم بوارەدا تاوتوێ بکرێت.
ناوبراو هیوای ئەوەی خواست کە بە جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەم کۆبوونەوەیە، گەشە و پێشکەوتنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەر دوو پارێزگای کرماشان و هەڵەبجە ببینرێت./.