بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنوچەهر حەبیبی پارێزگاری کرماشان ڕۆژی شەممە 26 ی نیسانی 2025 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە گەڵ نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت کۆبووە.
سەردانەکە لە چەند ڕوویەکەوە گرنگییەکی تایبەت بە خۆیی هەیە کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێدەدرێت:
یەکەم:
کۆماری ئیسلامی ئێران تێڕوانینێکی تایبەتی لە سەر هەڵەبجە هەیە و بە هەمان ڕۆحییەتی سەردەمی بۆردومانی کیمیایی کە وەک تەنیا وڵات هاوکاری هەڵەبجەییەکانی کرد، ئێستاش ئامادەی هاوکارییە لە گەڵ هەڵەبجە کە بە فەرمی بووەتە نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق و چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان.
دووەم:
هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پلانی ئێستای گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی کرماشان لە گەڵ ئەم پارێزگایە، ڕاستگۆیانە و گوزارشت لە پەیوەندییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی نێوان خەڵکانی هەر دوو لا دەکات. بە پێچەوانەی هەندێک وڵات کە لە سەردەمی بۆردومانی کیمیاییدا بە هەموو شێوەیەک پشتیوانییان لە سەدام و ڕژێمەکەی دەکرد و لە بەرامبەر شەهیدبوونی 5 هەزار مرۆڤی بێ تاوان و برینداربوونی هەزاران کەسی دیکە بێدەنگییان هەڵبژارد و تەنانەت ڕێگرییان لەوە دەکرد لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بڕیارێک لە دژی سەدام و حکومەتی ئەو کاتەی عێراق دەربکرێت، بەڵام ئێستا خۆیان بە ڕزگارکەر و پشتیوانی خەڵکی هەڵەبجە دەناسێنن.
سێهەم:
کرماشان و هەڵەبجە چەندین خاڵی سنوری هاوبەشیان پێکەوە هەیە کە بێگومان بوونەتە سەرچاوەیەکی دارایی بۆ هەر دوو پارێزگاکە و خەڵکەکەی. ئەم خاڵە سنورییانە کۆمەڵە کێشە و گرفتێکیان هەیە کە دەکرێت بە چارەسەرکردنیان، ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بەرز بکرێتەوە. هەروەها ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە داوای ئەوەیان کردووە کە خاڵی سنوری سازانیش بکرێتەوە کە ئەمەش دەتوانێت پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا بباتە قۆناغێکی دیکەوە.
چوارەم:
کرماشان لە ڕووی پزیشکی و تەندرووستییەوە پێگەیەکی باڵای لە ئاستی ئێراندا هەیە و پزیشکانی پسپۆڕ و بەناوبانگ لەم پارێزگایەدا زۆرن، بە جۆرێک کە کرماشان بە جەمسەری پزیشکی و تەندرووستیی هەرێمی ڕۆژئاوای ئێران ناسراوە. ئەمە باشترین دەرفەتە بۆ هەڵەبجە کە سوود لەم توانا و دەفرایەتییە وەربگرێت و ئەزموونەکانی پارێزگای کرماشان لە بواری پزیشکیدا بەکار بێنێت.
پێنجەم:
لە ڕووی گەشتیارییەوە پارێزگای کرماشان ناوبانگێکی زۆری هەیە، هەڵەبجەش بە تایبەت ناوچەی هەورامان تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە. دەکرێت بە ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی خەڵک و گەشتیاران، هەر دوو لا کەڵک لەم دەرفەتە بەنرخە وەربگرن.
شەشەم:
پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەر دوو پارێزگای کرماشان و هەڵەبجە دەتوانێت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش کە مێژوویەکی زۆریان هەیە، بباتە قۆناغێکی دیکەوە. ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی خەڵک لە نێوان پارێزگاکانی کرماشان و هەڵەبجە دەتوانێت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان زیندوو و زیاتر بکات.
بە گشتی:
دەتوانین بڵێین کە سەردانەکەی مەنوچەهر حەبیبی پارێزگاری کرماشان بۆ هەڵەبجە و ئامادەیی بەرپرسانی هەر دوو لا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و زیاترکردنی هاوکارییەکان، قۆناغێکی دیکەی لە بەرژەوەندی خەڵک بە دواوە دەبێت. گرنگ ئەوەیە کە هەر دوو پارێزگار لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی خاڵ بە خاڵی ڕێکەوتنەکاندا بکەن./.