بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گەڕی سێهەمی دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگێڕیی عۆمان ڕۆژی شەممە 26 ی نیسانی 2025 لە مەسقەت پایتەختی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو. گەڕی یەکەم لە 12 ی نیسان لە مەسقەت و گەڕی دووەم لە 19 ی نیسان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوەچوو.
هەر دوو لا بە ئەرێنی باسی دانوستانەکان و بەرەوپێشچوونەکانیان کردووە بەڵام باسی وردەکارییەکان و ئەگەری ڕێکەوتنیان نەکردووە.
گەڕی سێهەمی دانوستانەکان تایبەت بە قۆناغی نوێی تاوتوێکردنی وردەکارییەکان و داواکارییەکانی هەر دوو لا بووە. دەزگای میدیایی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاندووە کە دانوستانەکان لە ئاستی تەکنیکی بەرەوپێشچوونی هەبووە. ئەمەش پیشان دەدات هەر دوو لا لە بابەتە گشتییەکانی وەک دیاریکردنی چوارچێوە و بنەماکان، گەیشتوونەتە بابەتە گرنگەکانی وەک ئاستی پیتاندنی یورانیۆم، یەدەگی یورانیۆمی پیتێندراو و هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکان.
وەزیری دەرەوەی عۆمان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە کە دانوستانەکان لە سەر بنەمای ڕێزی بەرامبەر و پابەندبوونی بەردەوام بە بەڵێنەکان بەڕێوە دەچێت.
سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە گەڕی سێهەم بەرەوپێشچوون لە دانوستانەکاندا هەبووە و بەرەو دیاریکردنی چوارچێوەیەک بۆ ڕێکەوتن دەڕوات. ئەگەرچی ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هێشتا زووە لە سەر دانوستانەکان دادوەری بکرێت و کۆبوونەوە تەکنیکییەکان کاتی زیاتریان دەوێت.
گەڕی چوارەمی دانوستانەکان بڕیارە شەممەی داهاتوو بەڕێوە بچێت. عۆمان بەردەوام ڕۆڵی گرنگی دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت مەسقەت شوێنی دانوستانەکان بێت./.