بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد سادق موعتەمدیان پارێزگاری تاران و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ڕێکەوتنی هاوکاری هاوبەشی هەر دوو پارێزگایان واژۆ کرد. ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە مەبەستی بەشداری لە پێشانگای نێودەوڵەتی ئێران ئێکسپۆ سەردانی تارانی کردووە.
دەقی ڕێکەوتنەکەش لە درێژەدا هاتووە:
ئاسانکاری بۆ پێدانی مۆڵەتی کارکردن بۆ هاووڵاتییانی هەردوو پارێزگا لە کاروباری بازرگانی و بانکیدا.
بەهێزکردنی ڕاوێژکاری بازرگانیی ئێران لە هەولێر.
ئاسانکاری بۆ کاروباری گومرگی، ئەگەر بکرێت هەوڵەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر کاڵا و بەرهەمە زانستییەکان.
ئاڵوگۆڕی شاندی بازرگانی، ئەنجامدانی کۆنفڕانس و پێشانگە، هەروەها ئاڵوگۆڕی ئاماری بازرگانی و زانیاری لە پێدانی لیستی کەلوپەل و مەرجە پەسەندکراوەکانی هەردوو پارێزگاکە.
فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا لە بواری هەناردەکردنی خزمەتگوزاریی تەکنیکی و ئەندازیاریی بەتایبەتی لە پیشەسازیی بیناسازیی و دامەزراندن.
فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا لەبواری گەشتوگوزاریی پزیشکی، هەناردەکردنی خزمەتگوزاریی فێرکاری، پزیشکی و دەرمان، ڕۆشنبیری و وەرزشی نێوان هەردوو پارێزگاکە.
ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری توێژینەوە و دەستکەوتەکان لە بوارەکانی پیشەسازیی و بایۆتەکنەلۆجی، ئەندازیاری پزیشکی، پڕۆژەی زانستی و نانۆتەکنەلۆژیا و ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی قوتابیانی پارێزگای هەولێر لە پارێزگای تاران.
ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەرزی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو پارێزگای تاران و هەولێر لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان، بە هەماهەنگی کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران.
فراوانکردنی ئاڵوگۆڕەکان و جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی بەشداریکردنی زانیارییە گشتییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان./.