بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر سەعید حوسێنی پزیشکی نەشتەرگەری دڵ سەبارەت بە کێشەکانی دڵ دەڵێت: کێشەی جێنێتیکی، قەڵەوی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان سێ هۆکاری گرنگن بۆ کێشەکانی دڵ.
کێ زیاتر لە مەترسیدایە؟
دکتۆر حوسێنی دەڵێت گیرانی خوێنبەرەکانی دڵ دەبێتە هۆی مردنی لەناکاو. ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دڵیان هەیە لە خێزانە نزیکەکانیان مەترسی زیاتریان لەسەرە. بەڵام هۆکارەکانی دیکه وەک بەرزی پەستانی خوێن، شەکرە و بەرزی کۆلیسترۆل، شێوازی ژیانی هەڵە، خۆراکی خراپ و دڵڕاوکێ هۆکارن بۆ زیادبوونی مەترسییەکە.
حوسێنی جەختی لەوە کردەوە کە هۆشیاری بە تەنیا بەس نییە و دەبێت ڕێوشوێنی کرداری بگیرێتەبەر. وازهێنان لە جگەرەکێشان، زیادکردنی چالاکی جەستەیی، کۆنترۆڵکردنی دڵڕاوکێ و خواردنی خۆراکێکی تەندرووست نەک تەنیا یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی تەندرووستی دڵ، بەڵکو ڕێگری لە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دیکەش دەکات./.