بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەتەر بە یەکێک لە وڵاتانی پشتیوانی ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سوریا دادەنرێت و لە ئێستادا بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا، ئەرکی دابینکردنی تێچووی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنیی ئەم وڵاتەی لە ئەستۆ گرتووە.
محەممەد یەسر برنییە وەزیری دارایی حکومەتە کاتییەکەی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە قەتەر بۆ ماوەی سێ مانگ کە دەتوانێت درێژ بکرێتەوە، هەر مانگ بڕی 29 ملیۆن دۆلار بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی دابین دەکات.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕە هاوکارییە لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر سوریا بەخشراوە و بەڕێوەبردنی خراوەتە ئەستۆی پلانی گەشەپێدانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە نووسینگەی چاودێری داراییە دەرەکییەکان سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو موڵەتە بۆ حکومەتی قەتەر بە فەرمی دەربکات. ئەم هەنگاوەش پیشاندەری گۆڕانکارییە لە هەڵوێستەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە سوریا، لە بارودۆخێکدا کە وڵاتانی ئەورووپی بە خێراییەکی زۆر بەرەو دابەزاندنی ئاستی سزا و گەمارۆکانی سەر سوریا دەڕۆنە پێشەوە.
ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە نابێت پارەکەی قەتەر بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی سوریا بەکاربهێندرێت./.