بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیرسەعید ئیروانی بە ئاماژە بە بۆردومانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بە ئەنقەست و بە هاوکاری ئەمریکا، نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان، ژنان، منداڵان، فەرمانبەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیامنێران و …… دەکاتە ئامانج کە تا ئێستا بووەتە هۆی شەهیدبوونی نزیکەی 60 هەزار کەس و برینداربوون و بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەکی زیاتر.
ناوبراو وتی: بەڵگەکانی تایبەت بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، ڕوون و ئاشکرا و حاشاهەڵنەگرن و کۆمەڵگای جیهانی، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی دیکە ئاگایان لەم هەموو تاوان و دڕندەییە هەیە.
باڵیۆزی ئێران وتی: ئەمە تەنیا بەشێک لەو تاوانانەیە کە ڕاستییەکانی بەردەوامیی داگیرکاری و ئێش و ئازاری گەلی فەڵەستین ئاشکرا دەکات.
ئیروانی جەختی لە سەر مافی ڕەوای گەڕانەوەی گەلی فەڵەستین بۆ خاکی خۆیان کردەوە و وتی: ڕژێمی زایۆنیستی و لایەنگرانی، هۆکاری سەرەکی ئاوارەبوونی ملیۆنان فەڵەستینی، هەتیوکەوتنی منداڵان، تازیەباربوونی خێزانەکان و لەناوبردنی ژیانی ڕۆژانەی فەڵەستینییەکانن و بە بەرپرسی سەرەکی ئەم کارەسات و ناسەقامگیرییەی ناوچەکەش دادەنرێن.
وتیشی کە کۆمەڵگای جیهانی تا ئێستا چەندین جار داوای ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی کردووە، بەڵام ئەم ڕژێمە بە پشتیوانی لایەنگرانی، پەرەی بە تاوانەکان داوە./.