بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنی کەناڵی الشرق وتی: گەلی فەڵەستین پێویستیان بە پشتیوانی هەیە و گرنگیدان بە وەستانی هەمیشەیی شەڕ و گەیاندنی هاوکارییە مرۆیی و پزیشکییەکان و دەستەبەرکردنی مافی گەلی فەڵەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بە پێویست دادەنرێت.
ناوبراو وتی: پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ زۆر باشە و بەغدا لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکان هەنگاو دەنێت و جەخت لە سەر هاوکارییە ئەمنییەکان لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم دەکاتەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق هەروەها وتی: پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن زۆر باشە و پەرە بە هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانیدا دەدرێت.
لەتیف ڕەشید ڕایگەیاند کە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە دانوستانی نێوان هەر دوو وڵات یەکلایی دەکرێتەوە.
ناوبراو وتی: ئێران وڵاتێکی گرنگی دراوسێی عێراقە و سنورێکی هاوبەشیان پێکەوە هەیە و پەیوەندییەکی قووڵ و مێژووییان هەیە.
لەتیف ڕەشید پێشوازیی لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد و وتی کە پشتیوانی لە سەرکەوتنی دانوستانەکان دەکەین و ئامادەین هەر هاوکارییەک لەم پێناوەدا پێشکەش بکەین./.