بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان لە چاوپێکەوتنی فۆئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، بە ئاماژە بە پەیوەندی قووڵ و مێژوویی نێوان گەلانی هەر دوو وڵات، وتی: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق تەنیا ئەمڕۆ و دوێنێ نەبووە و لە سەر بنەمایەکی چەند هەزار ساڵە بونیات نراوە. هاوبەشییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە بوارەکانی نەتەوەیی، زمانی، ئایینی و کەلتوری لە نێوان خەڵکی هەر دوو دیوی سنور، گوزارشت لە پەیوەندییەکی بەهێز دەکات و ئەمەش قووڵایی پەیوەندییەکانی نێوان گەلانی هەر دوو وڵات بە ڕوونی پیشان دەدات.
ناوبراو وتی: بە هەر ڕادەیەک پەیوەندی و هاوکاری نێوانمان لە بوارەکانی وەک پیشەسازی، بازرگانی، ئابوری، تەندرووستی، زانست و تەکنۆلۆژیا و وەبەرهێنان زیاتر بکەین، بێگومان بەرژەوەندی هاوبەش و زیاتری بۆ هەر دوو وڵات و هەر دوو گەل دەبێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها بە ئاماژە بە دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتن، وتی: ئەگەر حکومەتی ئەمریکا لە نیگەرانیی خۆی و بانگەشەی بۆ درووستکردنی چەکی ناوەکی لە ئێران ڕاستگۆ بێت، ئێمە لەم بوارەدا دڵنیایی بەوان دەدەین، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کات قسەی زۆر قبووڵ ناکات و گەلی خۆی لە دەسکەوتەکانی وزەی ئاشتیخوازانەی ناوەکی لە بوارەکانی وەک پیشەسازی، کشتووکاڵ و تەندرووستی بێبەش ناکات و بۆ گەشە و پێشکەوتنی گەلەکەمان فەرمان و موڵەت لە کەس وەرناگرین.
دکتۆر مەسعود پزیشکیان وتی: لە بوارە جیاجیاکاندا پلانی هاوکاریمان لە گەڵ عێراقدا هەیە و پێشکەوتنی ئەم وڵاتە بە پێشکەوتنی خۆمان دەزانین./.