بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئارەش لهۆنی پارێزگاری کوردستان لە میانەی پێشوازی لە پارێزگارانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە لە فڕۆکەخانەی سنە، وتی: کۆبوونەوەی پارێزگارانی هەرێمی کوردستان، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە سنە و یەک ڕۆژ لە تاران بەڕێوەدەچێت.
ناوبراو وتی: ئەم کۆبوونەوە هەوڵێکی ستراتیژییە بۆ دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی پەیوەندییەکان لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان.
لهۆنی وتی: بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە ئابوری و ڕۆشنبیرییەکان بە گرنگترین ئامانجی کۆبوونەوەی سنە دادەنرێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە دانیشتووانی پارێزگا هاوسنورەکانی ئێران، پەیوەندییەکی مێژووییان لە ڕووی ئابوری و ڕۆشنبیرییەوە لە گەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە.
پارێزگاری کوردستان وتی: لە پێناو سیاسەتەکانی کابینەی چواردەیەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پلانی ئەوەمان هەیە کە ئەم پەیوەندییانە پتەوتر بکەین تا بتوانین نموونەیەکی گونجاو لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا بخەینەڕوو.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک و نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی سنەیان کردووە.
هەر یەک لە ئارەش لهۆنی پارێزگاری کوردستان، مەنوچەهر حەبیبی پارێزگاری کرماشان و ڕەزا ڕەحمانی پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ئێرانەوە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن./.