بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕۆژی سێ شەممە لە کۆبوونەوەی پارێزگارانی پارێزگا هاوسنورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە شاری سنە، وتی: سلێمانی لە ڕووی ڕووبەرەوە بە گەورەترین پارێزگای هەرێمی کوردستان دادەنرێت و توانایەکی زۆرمان بۆ پەیوەندی لە گەڵ ئێراندا هەیە.
ناوبراو جەختی لە سەر پێویستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە بوارەکانی وەک بازرگانی و ڕۆشنبیریدا کردەوە و وتی: شارە هاوسنورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان توانایەکی زۆریان بۆ هاوکاری لە بوارەکانی رۆشنبیری، گەشتیاری و تەندرووستیدا هەیە.
پارێزگاری سلێمانی وتی: پەیوەندی ڕاستەوخۆمان لە گەڵ 700 شاری جیهاندا هەیە و دەمانەوێت ئەم پەیوەندییە دۆستانە لە گەڵ شارە هاوسنورەکانی خۆمان هەبێت.
ناوبراو وتی: ئەگەر حکومەتەکان و گەلانی ناوچەکە پێکەوە دۆست بن، پێویست بە یارمەتی وڵاتانی دیکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان نییە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر یەکێک لە قەیرانەکانی ئێستای ناوچەکە و جیهانی بە قەیرانی ئاو ناو برد و وتی: ئێران دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگی لە چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و هاوئاهەنگی لەم بوارەدا هەبێت./.