بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی تەتەر لە کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگا هاوسنورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە شاری سنە وتی: پارێزگای دهۆک پارێزگایەکی هاوسنوری کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە لە گەڵ خەڵکی ئێران و پارێزگای کوردستاندا شوناسی هاوبەشی نییە.
ناوبراو وتی: بەشێکی زۆر لە گەلەکەمان لە ئێران ژیاون و خوێندوویانە، ئێمەش هەرگیز شتە باشەکانی ئێرانییەکان لەبیر ناکەین.
پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆکدا هەیە و ئاماژەی بەوەدا: لە بازاڕی دهۆکدا دابینکردنی کاڵای ئێرانی زۆرە، بەشێک لە شوێنی هەناردەکردنی دهۆکیش بازاڕی ئێرانە.
عەلی تەتەر وتی: خاڵی هاوبەشمان زۆرە و تاکە شتێک کە لە یەکتر جیامان دەکاتەوە سنوری جوگرافییە. بە گرتنەبەری هەنگاوی هاوبەش و پتەوکردنی پەیوەندییە کەلتورییەکان دەتوانین کاریگەریی سنور لە درووستکردنی ئەو دوورییەدا کەم بکەینەوە و لەبری سنورە جوگرافییەکان سنورە کەلتوورییەکان بەکاربهێنین.
ناوبراو وتی: گەلانی ئێران و عێراق زۆر زیاتر لە وڵاتانی ئەورووپی هاوبەشیان هەیە و پێویستە ئێمەش بتوانین پەیوەندییەکانمان هاوشێوەی ئەوان، بە بێ سنوردارکردنی سنورە جوگرافییەکان پتەوتر بکەین./.