بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پارێزگارانی پارێزگا هاوسنورەکانی ئێران و پارێزگارانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختیان لە سەر قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان و ئامادەیی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ئابوری، بازرگانی، کەلتوری و گەشتیاری کردەوە.
ئارەش لهۆنی پارێزگاری کوردستان لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وتی: ئەم کۆبوونەوانە ئەنجام و بەرهەمێکی باشی بۆ دانیشتووانی پارێزگا هاوسنورەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و پەیوەندییەکانی هەر دوو لا بەهێزتر دەکات.
ناوبراو بە ئاماژە بە چاوپێکەوتنی ساڵی ڕابردووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گەڵ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و کاریگەری هەر زۆری لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا، وتی: سەردانەکەی دکتۆر پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان، ڕێگایەکی نوێی بە ڕووی گەشە و بەرفراوانتربوونی هاوکارییەکان و پەیوەندییەکان کردەوە.
لهۆنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی نێوان پارێزگارانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە گەڵ پارێزگارانی هەرێمی کوردستان بە هۆکار و هاندەری گەشەسەندنی پەیوەندییەکان ناو برد و وتی: ئێمە پەیوەندییەکی مێژووییمان لە گەڵ هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە بواری کەلتوری و کۆمەڵایەتیدا هەیە و هیوادارین وەرزێکی نوێی گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا دەست پێبکات.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرانی کۆبوونەوە دوو ڕۆژەکەی سنە و پارێزگاری کوردستان، وتی: هەوڵ دەدەین کۆبوونەوەی داهاتوو لە سلێمانی بێت.
ناوبراو هیوای خواست کە ئەم کۆبوونەوانە نەخشەڕێگایەک بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی مێژوویی، کەلتوری، سنوری و ئابوری بێت.
ئومێد خۆشناو جەختی لە سەر ئاسانکاری بۆ سەرمایەدانەران لە بوارەکانی ڕێگاوبان، ئابوری و بازرگانی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی دانیشتووانی هەر دوو دیوی سنور کردەوە./.