بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەکەم وەرزی کیلیان ئێمباپێ لە ڕیال مەدرید سەرسوڕهێنەر بوو. هەرچەندە هەستێک هەیە کە ئەم ئەستێرە فەڕەنسییە هێشتا نەگەیشتووەتە لوتکەی خۆی بەڵام ئامارەکانی لە ئاستی یاریزانێکدایە کە دەیەوێت ببێتە ئەفسانەیەک لەم یانەیە: 43 گۆڵ لە56 یاریدا تۆمارکراوە کە 31 گۆڵیان لەلالیگا بووە.
ئەو ئامارانەی کە وای لێکردووە ببێتە گۆڵکاری خولەکە و براوەی پێڵاوی زێڕینی ئەورووپا. مەگەر محەممەد سەلاح بتوانێت بە تۆمارکردنی چوار گۆڵ ئەم نازناوەی لێ بسەنێتەوە. لە وەرزێکدا کە ڕیال مەدرید نەیتوانی هیچ نازناوێکی گرنگ بەدەست بهێنێت، ئێمباپێ هیوایەک بوو کە ڕێگاکەی ئاسانتر کرد.
هیچ یاریزانێکی نوێ لە مێژووی ڕیال مەدرید لە وەرزی یەکەمیدا ئەوەندە گۆڵی تۆمارنەکردووە. بە تۆمارکردنی 43 گۆڵ، ژمارەی پێوانەیی ئیڤان زامۆرانۆی شکاند کە 37 گۆڵ بوو لە وەرزی 1993-1992 و راستەوخۆ گەیشتە لووتکەی ڕێزبەندی گۆڵکارانی مێژووی یانەکە لە وەرزی یەکەمدا./