بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان پێش سەردانەکەی و لە فڕۆکەخانەی تاران بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە سیاسەتی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران باشترین پەیوەندییە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ.
ناوبراو وتی: ئەم سەردانە لە سەر بانگهێشتی بەڕێز سوڵتانی عۆمان دەکرێت، لە سەردانەکەدا بە پێی بنەما گشتییەکان و سیاسەتەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کار دەکەین و هەوڵ دەدەین باشترین پەیوەندی لە نێوان ئێران و دراوسێکاندا هەبێت.
پزیشکیان وتی: هەوڵی بەردەوامی ئێمە ئەوەیە کە لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، بازرگانی و ڕۆشنبیری پەیوەندییەکی بەهێز لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بونیات بنێین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێمە دەبێت لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە بگەینە زمان و تێڕوانینێکی هاوبەش و دەست لە ناو دەستی یەکتر بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە بە تایبەت کۆتایی هێنان بە تاوان و دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، هەنگاو بنێین.
دکتۆر مەسعود پزیشکیان بە ئاماژە بە پەیوەندییەکانی ئێران و عۆمان وتی: ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و عۆمان 2 ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە و بەرەو زیاتربوون دەڕوات./.