بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وندی شرمەن دانوستانکاری باڵای پێشووی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکیی ساڵی 2015 ، سەبارەت بە ئەزموونی خۆی لە دانوستان لە گەڵ ئێران وتی: داواکەی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی یورانیۆم و لەناوبردنی پلانی ناوەکیی ئێران سەرناگرێت.
ناوبراو وتی: ئێران تەنانەت لە ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی، پلانی ناوەکیی خۆی بە شێوازی نهێنی درێژەپێدەر دەبێت. ئەگەر هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئێران، لە ماوەی یەک تا سێ ساڵ، ئەوان دیسانەوە ئەم ڕێگایە تێپەڕ دەکەن.
لێدوانەکانی شرمەن لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە پشت بەستن بە فەتواکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، ڕایانگەیاندووە کە چەکی ناوەکی لە سیستەمی بەرگری و سەربازی ئێراندا هیچ شوێنێکی نییە و ئێران بەردەوام لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا داوای داماڵینی سەرجەم وڵاتانی لە چەکی قەدەغەکراو کردووە.
دانوستانکاری باڵای پێشووی ئەمریکا لە هەمان کاتدا بەرگریی لە دانوستانەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران کرد و وتی: دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت ڕێکەوتنێکی باشتر لە ڕێکەوتنی ناوەکی بەدەست بێنێت، لە بەر ئەوەی کە ئامرازی ئەوەی لەبەردەستە، بۆ نموونە، کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیرانی لەگەڵە، هەرچیی بوێت پەسەندی دەکەن و ڕەزامەندی لە سەر دەردەبڕن، من پێم وایە کە ئەم بژاردەیە باشترە لە شەڕ./.