بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە درێژەی دژایەتییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرۆژەی فریوکارانەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و بانگەشەی دابەشکردنی هاوکارییەکان لە باشوری غەززە، سیگرید کاگ ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە شەشسەدەمین ڕۆژی شەڕی غەززەدا بەڕێوەچوو، وتی: ئیسرائیل دەبێت کۆتایی بە هێرشە دڕندانەکانی بۆ سەر خەڵکی غەززە بێنێت، ئێمە بەشداری لەو میکانیزمەی تەل ئەبیبدا ناکەین کە بانگەشەی دابەشکردنی هاوکارییەکان لە نێو خەڵکدا دەکات.
ناوبراو وتی: فەڵەستینییەکان ماوەیەکی زۆرە ڕوبەڕوی هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتەوە و هیوای خۆیان لە دەست داوە، لە غەززە فەڵەستینییەکان لە جێی ئەوەی بە یەکتر بڵێن خوات لە گەڵ تا سبەی، دەڵێن خوات لە گەڵ، لە بەهەشتدا دەتبینمەوە. مردن لە هەموو شوێنێک هاوڕێی خەڵکی غەززەیە و هیچ ژیانێک بۆ ئەوان نەماوەتەوە.
لەو کۆبوونەوەدا هەروەها فیروز سیدوا پزیشکی ئەمریکی کە خۆبەخشانە لە غەززە چالاکی کردووە، وتی: زۆربەی ئەو کەسانەی چارەسەریان بۆ کراوە، ژن و منداڵی کەمئەندامن.
ناوبراو وتی: لە ماوەی 5 هەفتە کارکردنم لە غەززە تەنیا یەک چەکدارم نەبینی کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانە بکات.
وتیشی کە غەززە برسیترین شوێنی سەر ڕووی زەوییە و هەر کاتژمێر گیانی چەندین مرۆڤ لەم ناوچەیە دەگیرێت./.