بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە گەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین، شووتی وەک یەکێک لە میوە بەناوبانگەکان، لە سەبەتەی خواردنی ئێراندا جێگەیەکی تایبەتی هەیە. شووتی وەک بەرهەمێکی گرنگی ئابوری و کشتووکاڵی، سەرچاوەیەکی داهاتی گەورەی جووتیارانیشە. لەم ساڵانەی دواییدا جۆرێک لەم میوەیە بە ناوی “شووتی بێ تۆو” بە هۆی ئاسانکاری لە بەکارهانین و تایبەتمەندییە خۆراکییە بەرزەکانی سەرنجی زۆرێک لە بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەرانی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە.
ئەم جۆرە شووتییە نەک تەنیا لە بازاڕەکانی ناوخۆدا بەڵکوو لە گۆڕەپانی هەناردەکردندا توانای بەرزی هەیە.
لەم ڕاپۆرتەدا، لە سەر دۆخی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی شووتی بێ تۆو لە جیهان و ناوچەکە، سوودەکانی بەکارهێنانی، ڕێگاکانی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان لە بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمەدا و دەرفەتەکانی بەردەم ئێران لەم بوارەدا دەکۆڵینەوە.
دۆخی بەرهەمهێنان و بەکاربردن لە ئێران
ئێران بە بەرهەمهێنانی ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 600 هەزار تۆن شووتی، یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی ئەم میوەیە لە جیهاندا.
لە ساڵی 2023 دا نزیکەی 260 هەزار تۆن شووتی لە ئێرانەوە هەناردەی زیاتر لە 20 وڵات کراوە و عێراق، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر، عومان، ڕووسیا و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست لە ڕیزی سەرەکییەکانی هەناردەکردن بوون.
ئەم هەناردەکردنانە نزیکەی 90 ملیۆن دۆلار داهاتی بۆ ئێران هەبووە. بەڵام هێشتا پشکی شووتی بێ تۆو لەم بەرهەمانە و هەناردەکردنانەدا سنوردارە. لە کاتێکدا کە شووتی بێ تۆو بە هۆی ئاسانی خواردن و تامی شیرینتر خواستێکی زۆری لەسەرە، بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە شووتییە لە ئێران پێویستی بە پەرەپێدان و وەبەرهێنانی زیاتر هەیە.
دۆخی جیهانی و پێگەی ئێران
لە ساڵێکی وەک 2023 دا بەرهەمی شووتی جیهانی گەیشتە زیاتر لە 104 ملیۆن تۆن و وڵاتانی وەک چین، تورکیا، بەرازیل، میسر و ئێران لە سەرەکیترین بەرهەمهێنەری ئەم بەرهەمە بوون. لە بواری شووتی بێ تۆو، وڵاتانی جۆراوجۆر خەریکی پەرەپێدانی ئەم جۆرە شووتییەن. بۆ نموونە، بەرازیل لە مانگی یەکی ساڵی 2025دا هەناردەکردنی شووتی بچووکی بێ تۆو بە ڕێژەی 88% زیادی کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گەشەکردنی خواست لە بازاڕە جیهانییەکان.
دۆخی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی شووتی بێ تۆوی جیهانی
بە پێی ڕاپۆرتەکانی بازاڕی جیهانی، بازاڕی تۆوی شووتی بێ تۆو لە ساڵی 2024دا بەهای 551.2 ملیۆن دۆلار بووە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2032 بگاتە ٨١٨.٤ ملیۆن دۆلار، کە ڕێژەی گەشەی ساڵانەی 508%دەکات.
لە نێوانیاندا وڵاتانی وەک هیندستان و تایلەند و ئەمریکا لە گەورەترین هەناردەکارانی تۆوی شووتی بێ تۆودان. هیندستان بە پشکی 34% ی بازاڕی جیهانی لە پێشەنگی لیستەکەدایە.
لە ڕووی هەناردەکردنی میوەشەوە، مەکسیک لە ساڵی 2021 دا نزیکەی 70%ی بەرهەمی شووتییەکەی هەناردە کردووە، کە بەشێکی بەرچاوی جۆرەکانی بێ تۆو بوون. نرخی هەر کیلۆیەک شووتی بێ تۆو لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان لە نێوان 0.70 بۆ 1.00 دۆلاردایە، کە زیاترە لە جۆرەکانی تۆوکراو (0.50 بۆ 0.70 دۆلار)./.