بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حاجی لەق لەق یان لەق لەقەکان نێردراوی ئاشتی و هیوا و دۆستایەتی، لە خاکە سارد و دوورەکانەوە بۆ ئەم پەناگە ئارامە دەڕۆن، هێلانە لە سەر دار و ستوونە کۆنەکان دەکەن، لە سەربانی خانووی گوندنشینەکان دەنیشنەوە و لە گەڵ بوونیان، دارستانەکە دەگۆڕن بۆ شوێنێکی ئەفسانەیی؛ خاکێک کە مرۆڤ و باڵندەکان فێری پێکەوە ژیان بوون.
لە گەڵ هاتنی لەق لەقەکان، گوندەکە ڕەنگێکی جیاواز وەردەگرێت؛ ژنان زەردەخەنە دەکەن، پیاوان هێواشتر دەڕۆن و منداڵان بە وروژاندن و سەرسوڕمانەوە لە سێبەری هێلانەکانیاندا ڕادەکەن و سەیری ئاسمان دەکەن. وەک ئەوە وایە هەر لەق لەقێک نێردراوی جیهانێکی میهرەبانتر بێت، جیهانێک کە تێیدا سرووشت و مرۆڤ ڕکابەر نین، بەڵکوو هاوەڵ و هاوسۆزین.
دەرەتفێ تەنیا گوندێک نییە، گۆرانییەکە لە دڵی سرووشتەوە، چیرۆکێکی میهرەبانییە، ئەفسانەی پێکەوەژیانە کە ماڵە سادەکانی گەرمی دڵی ئەو کەسانەی تێدایە کە میوانداری بە داب و نەریتی نازانن، بەڵکوو بە شێوازێکی ژیان دەزانن؛ ئەو کەسانەی کە لەق لەقەکان بە بێزارکەر نازانن، بەڵکوو وەک دانیشتووانی سەرەکی ماڵەکانیان دەزانن.
دار بەڕوو و لەوەڕگە گەشاوە و هەوای شاخ و ئاسمانی شین دیمەنێکی پاک و بێ دەست لێنەدراویان پێکهێناوە؛ شوێنێک کە هێشتا دوورە لە ژاوەژاوی ئاسن و دووکەڵ، کە بۆنی زەوی تەڕ و خۆری تازە و نانی تازەی تەنوور دەگاتە لووت. لە ڕاستیدا گوندی دەرەتفێ وێنەیەکە لە داهاتوو کە مرۆڤ و سرووشت بە هاوئاهەنگی دەژین نەک دژایەتی.
کەواتە، ئەگەر دەتەوێت گەشتێکی ئارام و جیاواز و یادگاری بکەیت، ئەگەر چاوەکانت لە ناو قەرەباڵغی شاردا ون بوون، وەرە بۆ دەرەتفێ، بۆ “شاری لەق لەقە سپییەکان”، کە دەنگی باڵی باڵندەکان منداڵیت و خەونەکانت وەک ئەنیمەیشنێکی سەردەمێکی دوور بە ناوی “خودا لەق لەقەکانی خۆشدەوێت” بیردەخاتەوە.
لە سەرەتای مانگی شوباتدا لەق لەقە سپییەکان دەچنە ناو دەرەتفێوە و تا کۆتایی مانگی ئاب لەوێ نیشتەجێن، لە ئێستادا نزیکەی 70 هێلانەیان لە گوندەکەدا هەیە، و لە هەر هێلانەیەکدا دوو لەق لەق هەیە، هەر جووتێک لە نێوان 2 بۆ 5 جوجکەیان دەبێت.
پێشوازیی گەشتیاران بۆ ئەم گوندە بێهاوتایە و لە ساڵی 2015 ەوە دەرەتفێ بە “شاری لەق لەقەکان” ناسراوە و ساڵانە دەیان هەزار کەس لە سەرانسەری ئێرانەوە گەشت بۆ ئەم گوندە دەکەن./.