بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەلال حسێن پوور، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ تێرمیناڵی سنووری سۆمار بە ئامادەبوونی قایمەقامی گیلان غەرب و بەرپرسی گومرگی سۆمار، پێداچوونەوەی بە پرس و داواکارییەکانی پەیوەست بە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، ئاسانکاری بازرگانی، و هاتووچۆی زیارەتکاران کردەوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە گرنگی سنوورە زەوینییەکان لە بارودۆخی ئێستای وڵاتدا، وتی: ئەو پرس و پێشنیارانەی لەم سەردانەدا خراونەتەڕوو، پوختە دەکرێن و دەخرێنە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پێداچوونەوە و بەدواداچوون.
لەم سەردانەدا، حشمەت ڕەزایی، قایمەقامی گیلان غەرب، دیاریکردنی کۆتایی پلانی گشتگیری بۆ تێرمیناڵی سنووری سۆمار، بەدواداچوون بۆ مۆڵەتی کۆڵبەری، دابینکردنی ئەگەری دابەزاندن و بارکردنی کەلوپەل لە ناوخۆی وڵات، و دانانی دەروازەی پاسپۆرت لەلایەن، لایەنی عێراقییەوە وەک گرنگترین داواکارییەکانی پارێزگاکە خستەڕوو.
ناوبراو هەروەها جەختی لە پێویستی خێراکردنی لابردنی بەربەستە ئیداری و ژێرخانی و بازرگانییەکان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پلانی گشتگیر بۆ تێرمیناڵی سنووری سۆمار یەکلایی نەکراوەتەوە و پرسی کۆڵبەریش چاوەڕوانی بڕیاری حکومەتە.
دیاریکردنی بازنەی پلانی گشتگیر بۆ تێرمیناڵەکە، پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، بەهێزکردنی گوزەرانی دانیشتوانی سنوورەکان و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی زیارەتکاران لە گرنگترین داواکارییەکانن، کە جێبەجێکردنی پێویستی بە بەدواداچوون و هەماهەنگی جددی هەیە لەلایەن دەزگا بەرپرسەکانەوە.