جام کوردی - ئگەر بڕیارە باسی ئێران بکەن، پێش هەموو شتێک مێژووەکەی بخوێننەوە؛ مێژوویەک کە نە بە لێدوانی سیاسەتمەدارانی ئەمریکی دەست پێ دەکات و نە بە بڕیارەکانی واشنتۆنیش کۆتایی پێ دێت.

ئیران تەنها جوگرافیا و نەخشەیەک نییە؛ ئێران گێڕانەوەیەکی زیندوی شارستانییەتێکە کە سەدەها ساڵە لە هەوراز و نشێوی مێژوو تێپەڕیوە، ڕووبەڕووی پەلامار و قەیڕانەکان بووەوەیە و چەندین جار توانیویەتی پارێزگاری لە شوناسی خۆی بکات. بۆ ناسینی ئەم خاکە، دەبێت لە سەردێڕە سیاسییەکان تێپەڕین و یادەوەریی مێژوویی نەتەوەیەک بناسین کە لە سەختترین ڕۆژەکاندا، چەندین جار بۆ دروستکردنەوەی سبەینێی خۆی پێداگر بووە و ڕاوەستاوە.

مێژوو، بۆ ئەو نەتەوانەی کە لە ناوەڕاستی گێژاو و تۆفانەکاندا ڕەگیان داکوتاوە، تەنها کۆمەڵێک ڕووداو نییە؛ مێژوو یادەوەریی خۆڕاگری و لێدانی دڵی پشوو درێژییە. کاتێک باسی ئێران دەکەین، باسی نەتەوەیەک دەکەین کە لە تێپەڕبوونی سەدەکاندا، سەرەڕای شکستەکان، سەختییەکان و پەلامارە دەرەکییەکان، چەندین جار ڕێگەی سەرلەنوێ دروستکردنەوە و بەردەوامیی شوناسی خۆی دۆزیوەتەوە.

لە سەردەمی هێخامەنشییەکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ، ئێران شایەتحاڵی گۆڕانکاری گەورە بووە؛ دەسەڵات و بنەماڵەکان هاتوون و ڕۆیشتوون، سنوورەکان گۆڕاون و هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان سەریان هەڵداوە و پاشەکشەیان کردووە، بەڵام ناوی ئێران و شوناسی مێژوویی ئەم خاکە هەر ماوەتەوە. ئەم بەردەوامییە مێژووییە، یەکێکە لە گرنگترین ئەو ڕاستییانەی کە دەبێت لە هەر هەڵسەنگاندنێکی سیاسی سەبارەت بە ئێراندا، ڕەچاو بکرێت.

بەڕێز ڕوبیو! ئێران ناتوانرێت لە چەند ڕستەیەکی سیاسیدا کورت بکرێتەوە؛ هەروەک چۆن خەڵکی ئێرانیش ناتوانرێت بە گوشار، هەڕەشە و سزائابوورییەکان ناچار به تەسلیمبوون بکرێت. ناسینی ئێران، بە بێ ناسینی مێژوو، فەرهەنگ، ئەزموونە سەختەکان و ئیرادەی ئەو خەڵکەی لەم خاکەدا دەژین، ناسینێکی ناتەواو و لایەنەکی دەبێت.

خەڵکی ئێران ئەزموونی هەشت ساڵ شەڕی سەپێنراویان هەیە؛ ئەو ساڵانەی کە زۆرێک لە خێزانەکان ماتەمگین بوون، شارەکان کەوتنە بەر بۆردومان و نەوەکان بە دەرد و ئازار و سەختییەکانی جەنگ گەورە بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، ژیان لەم خاکەدا نەوەستا. خەڵک لە وێرانییەکان تێپەڕین، شارەکانیان سەرلەنوێ ئاوەدان کردەوە و بۆ بەردەوامیی ژیان و پاراستنی وڵات ڕاوەستان. ئەم ئەزموونە مێژووییە، بەشێکی گرنگی پێکهێنەری یادەوەریی بەکۆمەڵی ئێرانییەکان پێک دێنێت.

ئەمڕۆش، لەو بارودۆخەی کە ئێران ڕووبەڕووی گوشارە دەرەکییەکان، سزاکان و هەڕەشە ئەمنییەکان بووەتەوە، ئامادەبوونی شەوانەی خەڵک لە شەقامەکاندا ــ لە چوارچێوەی ئەوەی کە وەک ٢۲۶ شەو خۆڕاگری یاد دەکرێت ــ لە گێڕانەوەی لایەنگرانی سیستەمدا، نیشاندەری بەردەوامیی هەمان گیانی خۆڕاگرییە؛ ئامادەبوونێک کە دەردەخات بەشێک لە کۆمەڵگە، پشتگیریکردن لە سیستەم و بەرگریکردن لە وڵات بە بەشێک لە بەرپرسیارێتی خۆیان دەزانن.

ئەم وێنەیەی ئێران ناتوانرێت بە بێ لەبەرچاوگرتنی فرەچەشنی نەتەوەیی، زمانی و فەرهەنگییەکەی تێگەیشتن. لە کورد و لور و تورک و عەرەبەوە بگرە تاوەکو فارس و بلوچ و نەتەوەکانی تر، خەڵکی ئەم خاکە سەرەڕای جیاوازییە فەرهەنگی و زمانییەکان، پشکیان لە مێژووی ئێراندا هەبووە و لە هەوراز و نشێوەکانیدا بەشدار بوون. ئێران، تەنها بەرهەمی یەک گێڕانەوە یاخود یەک نەتەوە نییە؛ مێژووی هاوبەشی ئەو خەڵکەیە کە لە تەنیشت جیاوازییەکانیانەوە، لە جوگرافیایەک بە ناوی ئێراندا ژیاون.

ئەوەی ئەم خاکەی لە درێژایی مێژوودا جیاواز کردووە، تەنها فراوانی جوگرافیا یان خاوەندارێتی لە سەرچاوە سروشتییەکان نییە؛ بەڵکو توانای کۆمەڵگەی ئێرانییە بۆ پاراستنی پەیوەندییە مێژووییەکان، سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە دوای قەیرانەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکاندا. بێگومان مێژووی ئێران، وەک مێژووی هەر نەتەوەیەکی تر، پڕە لە سەرکەوتن، شکست، ناکۆکی و ئەزموونی ئاڵۆز؛ بەڵام بەردەوامیی شوناسی ئێرانی لە ناو ئەم گۆڕانکارییانەدا، حەقیقەتێکی حاشا لێنەکراوە.

پەیامی ئێران ڕوونە: نەتەوەکان تەنها بە هەڕەشە ناسرێن و شارستانییەتەکانیش بە سووکایەتیدپێکردن پێناسە ناکرێن. گوشاری دەرەکییش بە شێوەیەکی پێویست ناگاتە ئەو ئەنجامەی کە داڕێژەرەکانی چاوەڕێی دەکەن، بەتایبەت کاتێک حساباتە سیاسییەکان، ئاڵۆزییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەیەک پشتگوێ بخەن.

ئێران بەدوای جەنگدا نییە، بەڵام ئاسایش و سەروەریی خاکی خۆی بە بابەتێکی جددی دەزانێت. ئەزموونە پێشووەکان نیشانیان داوە کە جەنگ و گوشاری دەرەکی، لێکەوتەیان لە دەرەوەی حساباتە سەرەتایییەکانی سیاسەتمەداران هەیە و دەتوانن کاریگەری لەسەر ژیانی ملیۆنان مرۆڤ دابنێن. لەبەر ئەوە، ناسینی حەقیقەتی ئێران و گرنگیدان بە لێکەوتەکانی هەرچەشنە ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵی، ئەرکێکە بۆ هەر سیاسەتڕێژییەکی بەرپرسیار.

ئەمریکا ئەگەر بەدوای ناسینی ئێراندایە، دەبێت لە جیاتی دادوەری کردن لەسەر نەتەوەیەک لە پشت سەکۆ سیاسییەکانەوە، مێژوو، فەرهەنگ، ئەزموونی جەنگ و حەقیقەتە کۆمەڵایەتییەکانی بناسێت. ئەو نەتەوەیەی کە چەندین جار قۆناغە سەختەکانی تێپەڕاندووە، ناتوانرێت بە چەند لێدوانێکی سیاسی بڕیار لەسەر داهاتووی بدرێت.

ئێران تەنها ناوێک لەسەر نەخشە نییە؛ ئێران یادەوەریی شارستانییەتێک، شوناسی سەدەهای نەتەوەیەک و ئیرادەی ئەو خەڵکەیە کە چەندین جار لە قەیرانەکان تێپەڕیوون.

ئەم خاکە لە درێژایی مێژوودا ڕۆژی سەختی کەمی نەدیوە؛ بەڵام ناسینی ئێران، پێش هەموو شتێک، پێویستی بە تێگەیشتن لەم حەقیقەتەیە کە داهاتووی هیچ نەتەوەیەک ناتوانرێت تەنها لە دەرەوە و بە ئامرازی هەڕەشە و گوشار دیاری بکرێت.