جام کوردی - لێدوانەکانی ئەمدواییەی نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی مێریدا، پەیامێکی گرنگ لەبارەی دەرئەنجامەکانی چالاکیی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران بۆ سەر ئاسایش و داهاتووی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت؛ هۆشدارییەک کە دەریدەخات چالاکیی ئەم گرووپانە تەنها کێشەیەک نییە لە نێوان خۆیان و تاراندا، بەڵکو دەتوانێت ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمیش بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
بارزانی بە ڕەخنەگرتن لە ڕفتاری نابەرپرسیارانەی ئەم گرووپانە لە ماوەی جەنگی ڕابردوودا، هۆشداری دا لەو مەترسییانەی کە چالاکییەکانیان بۆ هەرێمی دروست کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە نابێت خاکی هەرێم بۆ هەڕەشەکردن لە ئێران بەکار بهێنرێت.
ئەم وتانە پرسیارێکی بنەڕەتی دەوروژێنن: ئایا چالاکیی ئەم حزبانە لە ئاراستەی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستاندایە، یان تێچووی قورسی ئەمنی و سیاسی بەسەر هەرێمدا دەسەپێنێت؟
کێ باجی سەرکێشییەکان دەدات؟
هەرێمی كوردستانی عێراق و ئێران، دوو دراوسێن کە خاوەنی پەیوەندییەکی مێژوویی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەرفراوانن. هەرچەشنە ئاڵۆزییەک لە سنوورە هاوبەشەکاندا دەتوانێت بازرگانی، ئاسایش و ژیانی خەڵکی هەردوولا بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
لەم جۆرە بارودۆخەدا، تێوەگلانی گرووپە سیاسییەکان لە پێکدادانی سەربازی و ئەمنیدا دەتوانێت هەرێم بخاتە پێگەیەکی دژوارەوە؛ پێگەیەک کە لەوانەیە دەرئەنجامەکانی لە ئامانج و هاوکێشەکانی ئەو گرووپانە تێپەڕێنێت.
هۆشداریی سەرۆکی هەرێم دەبێت لەم ڕوانگەیەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت: هیچ ڕەوتێکی سیاسی نابێت بەرژەوەندیی خەڵک و ئاسایشی خاکی هەرێم بکاتە قوربانیی ئامانجە گرووپییەکانی خۆی.
پەیامی روونی هەولێر لەبارەی ئێرانەوە
جەختکردنەوەی نێچیرڤان بارزانی لەسەر ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی هەرێم بۆ هەڕەشەکردن لە ئێران، نیشانەی گرنگیی ئاسایشی سنوورەکانە لە پەیوەندیی نێوان تاران و هەولێردا.
بۆ ئێران، ڕێگریکردن لە ڕوودانی هەنگاوی هەڕەشەئامێز لە خاکی وڵاتانی دراوسێوە پێویستییەکی ئەمنییە؛ بۆ هەرێمیش پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریکردن لە تێوەگلان لە پێکدادانە ناوچەیییەکان، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بەرژەوەندیی خەڵکەکەیەوە هەیە.
کەواتە، ئاسایشی سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان، نەک دوو پرسی جیان، بەڵکو بەشێکن لە راستییەکی هاوبەشی ناوچەیی.
وتەکانی سەرۆکی هەرێم، پرسیارێکی جددی دەخاتە بەردەم حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران: بەرپرسیارێتیی ئەوان لە قۆناغی بەرامبەر بە دەرئەنجامە ئەمنی و سیاسییەکانی چالاکییەکانیان بۆ سەر هەرێم چۆنە؟
داهاتووی هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بە سەقامگیری، گەشەپێدانی ئابووری و پەیوەندییە سازەندەکان لەگەڵ دراوسێکاندا؛ نەک بە زیادبوونی ئەو ئاڵۆزییانەی کە تێچووەکانی دەکەوێتە سەر شانی خەڵک.
ئاسایشی پایەدار و سەقامگیر لە سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستاندا، بە بەرپرسیارێتیی سیاسی، ڕێزگرتن لە سەروەریی دراوسێکان و پێشخستنی بەرژەوەندیی خەڵک دابین دەبێت؛ نەک بەو سەرکێشییانەی کە داهاتووی ناوچەیەک دەخەنە مەترسییەوە.