جام کوردی - ئەندامێکی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی پۆڵای ئێران، وێڕای خستنەڕووی دوایین دۆخی ئەم پیشەسازییە لە بەرامبەر گەمارۆ و ئابڵۆقە ئابوورییەکاندا ڕایگەیاند: پیشەسازیی پۆڵای ئێران بە پشتبەستن بە توانست و بارستایییە ناوخۆیییەکان، زیاتر لە ٩٠٪ی زنجیرەی بەرهەمهێنانی خۆی خۆماڵی کردووە و بە جێگیرییەکی ڕێژەیی گەیشتووە.
عەلیڕەزا ئیبراهیمی، لە کۆبوونەوەی ڕوونکردنەوەی دوایین ئاستی بەرهەمهێنانی زنجیرەی پۆڵا، ئاماژەی بە بارودۆخی سەختی ئابووری و گوشارە دەرەکییەکان کرد و گوتی: لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پیشەسازیی پۆڵای ئێران بە تەواوی بووەتە پیشەسازییەکی خۆبژێو و ناوخۆیی، بە شێوەیەک کە زیاتر لە ٩٠٪ی کۆی زنجیرەی پۆڵا لەناوخۆی وڵاتدا دابین دەکرێت. پیشەسازییە لاوەکییەکانی دەوروبەری ئەم کەرتەش ئەوەندە پەرەیان سەندووە کە ئێستا دروستکردنی ئاڵۆزترین پارچە و کەرەستەکانیش لەناوخۆدا دەستەبەر بووە.
ناوبراو زیادی کرد: تەنیا نزیکەی ٥٪ی پارچە تایبەتەکان کە پەیوەستن بە سیستەمی کۆنترۆڵ و ئامێرە وردەکانەوە (ابزار دقیق) پشتبەستووی دەرەوەن، ئەو ئامێرانەش تەمەنی بەکارهێنانیان درێژە و پێویستیی ڕۆژانەیان بە گۆڕین نییە.
ئیبراهیمی سەبارەت بە دابینکردنی کەرەستەی خاو ڕوونی کردەوە: بەشی سەرەکیی پیشەسازیی پۆڵا پشت بە کەرەستەی خاوی ناوخۆیی دەبەستێت و بەردی ئاسنی پێویست نزیکەی بە تەواوی لە کانزاکانی ناوخۆی وڵات دەردەهێنرێت و سوودی لێ وەردەگیرێت. تەنیا بەشێکی زۆر کەم لە خەڵووزی بەردین یان کۆک لەبەر کەمیی بڕ و کواڵیتییەکەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت.
ناوبراو جەختیشی کردەوە: بە بەکارهێنانی ڕێگەی جێگرەوە و سوودوەرگرتن لە گاز توانیمان ئەم کەموکوڕییانە قەرەبوو بکەینەوە و هاوسەنگی ڕابگرین بۆ پاراستنی بەرهەمهێنان. ئەگەر بڵێین جەنگ و گەمارۆکان هیچ زیانێکیان نەگەیاندووە قسەیەکی زیادەڕۆیییە، بەڵام ژیان لە پیشەسازیی پۆڵادا بەردەوامە و ڕەوتی ئابوورییەکەی جێگیرە.
بەردەوامیی هەناردە سەرەڕای ئاستەنگی بانکی و گەمارۆی دەریایی
ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی پۆڵا تیشکی خستە سەر ئاستەنگەکانی هەناردەکردن و ڕایگەیاند: ئەگەرچی گەمارۆکان کەشتی و دەروازە بازرگانییەکانیان کردووەتە ئامانج، بەڵام پیشەسازیی پۆڵای ئێران زیاتر لە ٢٠ ساڵە بەرەوڕووی گەمارۆیەکی توندی دارایی و بانکی بووەتەوە، کە ئەمەش ئاڵوگۆڕی ئازادی بازرگانی و بەڕێوەبردنی مەترسیی نێوان کڕیار و فرۆشیارانی شێواندووە و دەرکردنی بەڵگەنامەی متمانەی بانکیی (LC) ڕاگرتووە.
گوتیشی: سەرەڕای ئەوەش، تۆڕێکی بازرگانیی زۆر بەهێز و خۆڕاگر لە وڵاتدا پێک هاتووە کە ئەم بارودۆخە بەڕێوە دەبات، بۆیە وێڕای دابەزینێکی ڕێژەیی، هەناردە ڕانەوەستاوە و ڕێگەی نوێ و جێگرەوە دەدۆزرێنەوە. ئاستی هەناردە و خستنەڕووی ناوخۆیی لەژێر کاریگەریی هاوکێشەکانی بازاڕدایە؛ هەر کاتێک جیاوازیی نرخی دراوی ئازاد و فەرمی فراوانتر دەبێتەوە، پاڵنەری بەرهەمهێنەر بۆ هەناردەی ڕاستەوخۆ و گەڕاندنەوەی داهاتەکەی زیاتر دەبێت.
ئاستەنگی وزە و پێشبینییەکان بۆ وەرزی زستان
ئیبراهیمی لەبارەی کێشەی وزە و کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنان ئاماژەی بەوە کرد: بەهۆی گونجاوبوونی کەشوهەوا، بارانبارین و ئامادەییی وێستگەکانی کارەبای ئاوی، قەیرانی ناتەباییی کارەبا لە هاوینی ئەمساڵدا زۆر کەمتر بوو بەراورد بە هاوینی سەختی ساڵی ڕابردوو.
بەڵام سەبارەت بە زستانی پێشڕوو هۆشداریی دا و گوتی: ئاستەنگی زستانی ئەمساڵ ئاڵۆزترە، چونکە بەشێکی گرنگ لە سەرچاوەکانی گازی وڵات زیانیان بەرکەوتووە و جێگرتنەوەی دەستبەجێیان لە کورتخایەندا ئەستەمە. یەکەکانی بووژاندنەوەی ڕاستەوخۆ لە پیشەسازیی پۆڵادا لە ڕووی پێکهاتەوە پشتبەستووی گازی سروشتین و ناتوانرێت سووتەمەنییەکی دیکەیان بۆ جێگیر بکرێت. دروستکردنی ژێرخانی نوێش کاتی دەوێت؛ بۆیە باشترین چارەسەر لە ئێستادا، بەڕێوەبردنی بەکارهێنان و دەستپێوەگرتنە لە لایەن هاووڵاتییانەوە؛ ئەگەر کەرتی ماڵان تەنیا نزیکەی ١٠٪ دەست بە بەکارهێنانی گازەوە بگرێت، چەرخی پیشەسازیی وڵات بێ پچڕان دەسووڕێت.
هەڵکشانی توانای بەرهەمهێنانی پۆڵای ئێران بۆ ٤٠ ملیۆن تۆن بە ٧ ملیار دۆلار وەبەرهێنان
لە کۆتاییدا ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی پۆڵای ئێران، هەواڵی وەبەرهێنانێکی گەورەی بە بەهای زیاتر لە ٧ ملیار دۆلار لە زنجیرەی بەهای کانزا و پۆڵادا ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد: توانای بەرهەمهێنانی پۆڵا لە ئێراندا لە ئێستادا لە سنووری ٤٠ ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا تێپەڕیوە.
ڕوونیشی کردەوە کە ئەم سەرمایەگوزارییە ٧ ملیار دۆلارییە، زەمینەی گونجاوی بۆ چالاکیی زیاتر لە ٤٠ کۆمەڵگەی گەورەی پیشەسازی و ڕەخساندنی هەلی کاری ڕاستەوخۆ بۆ هەزاران کەس فەراهەم کردووە.