جام کوردی - سەید عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ٥٢ـەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا، وێڕای پێداگری لەسەر هەڵوێستی پتەو و ڕاشکاوانەی وڵاتەکەی بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی نیشتمانی ڕایگەیاند: ئێران هەرگیز مل بۆ زمانی زۆرداری و هەڕەشە نادات و بەرقەرارکردنی ئاشتیی بەردەوام بە زمانی دەستدرێژی و هەڕەشەی لەناوبردن ناکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە تاران هەمیشە پێبەندی دیپلۆماسی و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە، ڕوونی کردەوە: وەڵامی نیازپاکی و دانوستانەکانی ئێران لە دوو ساڵی ڕابردوودا، لەبری دیپلۆماسی، دەستدرێژیی سەربازی، گەمارۆ و تیرۆر بووە؛ ناتوانرێت وڵاتێک بۆردومان و گەمارۆ بدرێت و هاوکات چاوەڕوانی ئەوەش هەبێت کە هاتوچۆی دەریاوانی لە ناوچەکەدا بە ئاسایی بمێنێتەوە. نائارامیی ئێستای کەنداوی فارس و تەنگەی هورمز دەرەنجامی ڕاستەوخۆی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییە.

عێراقچی جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ دژبەرییەک لەنێوان بەرگریکردن لە مافە ڕەواکان و هەوڵدان بۆ ئاشتی بوونی نییە، و گوتیشی: بەهۆی پێشێلکردنی بەردەوامی بەڵێنەکان لەلایەن واشنتۆنەوە، بێمتمانەییەکی قووڵ دروست بووە؛ بۆیە هەر چەشنە گفتوگۆ و ڕێککەوتنێکی نوێ بەستراوەتەوە بە دەستەبەرکردنی «گەرەنتیی باوەڕپێکراو بۆ دووبارەنەبوونەوەی دەستدرێژییەکان».

وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتاییدا ئاماژەی بە ئامادەیی مەرجدار و دیپلۆماسییانەی تاران دا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گوتی: ئێران دەرگای دیپلۆماسیی دانەخستووە و لە ڕێگەی دەوڵەتی قەتەرەوە پلانێکی دیاریکراوی حەوت ڕۆژەی خستووەتە ڕوو، کە لە ئەگەری ڕەخساندنی مەرجە پێویستەکان و ڕاگرتنی گوشارەکان، هاتوچۆی ئاسایی دەریاوانی لە ماوەی هەفتەیەکدا دەگەڕێتەوە دۆخی پێشوو؛ کەواتە ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی واشنتۆندایە و هەڵبژاردنی کۆتایی لە دەستی ئەمریکادایە.