جام کوردی - بەپێی داتاکانی کۆمپانیای لێکۆڵینەوەی هۆناوی «سیریوم»، لە دوای هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی عەرەبستانی سعوودی و زیادبوونی نیگەرانییە ئەمنییەکان، زیاتر لە ٪٤٥ی گەشتە دەرچووەکانی ئەو وڵاتە هەڵوەشاونەتەوە.

ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە لە نێوان ٨ بۆ ١٥ی ئۆکتۆبەردا، زیاتر لە چوار هەزار گەشتی دەرچوون لە فڕۆکەخانەکانی سعوودی ئەنجام نەکراون یان هەڵوەشاونەتەوە، و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ریاض زۆرترین تێکچوون و پەککەوتنی تێدا تۆمار کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە سەروکی هێزە چەکدارەکانی یەمەن، عەمید «یەحیا سەریع»، لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا، هێزە چەکدارەکانی یەمەن بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی، کرۆز و درۆن، ٦ ئۆپەراسیۆنی سەربازییان دژی ناوەندە استراتیژی، ئابووری و سەربازییەکانی عەرەبستانی سعوودی ئەنجام داوە.

بە گوتەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن، لەم هێرشانەدا دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆ لە یەنبەع، کێڵگەی نەوتی شیبە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ریاض، فڕۆکەخانەی ئەبها و چەند بنکە و ڕادارێکی سەربازیی سعوودی کراونەتە ئامانج.

یەحیا سەریع جەختی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنانە وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی عەرەبستانی سعوودی بۆ سەر خاک و ژێرخانە مەدەنییەکانی یەمەن ئەنجام دراون و هۆشداری دا کە پەلامارەکان تا کاتی ڕاگرتنی هێرشی سعوودییەکان و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر یەمەن بەردەوام دەبن.