جام کوردی - باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق ڕایگەیاند کە تاران و بەغدا لە چوارچێوەی هاوکارییە ئەمنییە هاوبەشەکاندا ڕێککەوتوون لەسەر دەرکردنی ئەندامانی گرووپە جوداخواز و دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، یان ڕادەستکردنیان بە تاران.
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی «ئێکس» ڕایگەیاند کە لە ڕەوتی کۆبوونەوەی لێژنەی ئەمنیی هاوبەشی هەردوو وڵاتدا، بە ئامادەبوونی شاندێکی ئێرانی و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ڕێککەوتن لەسەر یەکلاکردنەوەی دۆخی ئەندامانی گرووپە جوداخوازەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە.
بە وتەی ناوبراو، لەسەر بنەمای ئەم ڕێککەوتنە، دەبێت ئەم گرووپانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەربکرێن یان ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکرێنەوە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان تاران و بەغدا و بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە بوونی ئەو گرووپانە هەڵگیراوە.