جام کوردی - فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی «جام کوردی» ڕایگەیاند کە تاران لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی لێژنەی باڵای ئەمنیی هەردوو وڵاتدا، داوای دەرکردنی تاقمە چەکدارە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی لە عێراق کردووە. ناوبراو سەبارەت بە چارەنووسی ئەندامانی ئەم تاقمانە باسی لە چوار دۆخ کرد کە بریتیین لە: گەڕانەوەی مەرجدار بۆ ئێران، داوای درێژەدان بە نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان، گواستنەوە بۆ وڵاتانی سێیەم و بەدواداچوون بۆ ڕادەستکردنەوەی ژمارەیەک لە کەسەکان.
بە وتەی ئەسەدی، تاران دوای شەڕ گەیشتووەتە
ئەو ئەنجامەی کە ئەم گرووپانە ملکەچی داواکارییەکانی حکومەتی ناوەندیی عێراق و
حکومەتی هەرێمی کوردستان نابن. ناوبراو گوتی کە ئێران هەر لەبەر ئەم هۆکارە داوای
دەرکردنی ئەوانی لە کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنیدا لەگەڵ لایەنی عێراقی خستووەتە
ڕوو.
چوار دۆخ بۆ ئەندامانی گرووپە چەکدارەکان
ئەسەدی گوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ
گەڕانەوەی ئەو ئەندامانەی کە لە درێژدان بە چالاکیی پاشگەز بوونەتەوە، مەرجی داناوە.
بە وتەی ناوبراو، گەڕانەوەی ئەم کەسانە بۆ ئێران مەرجدارە بەوەی کە تاوان یان کردەوەیەکی
تێرۆریستییان ئەنجام نەدابێت.
دەستەی دووەم، بە وتەی سەرکونسوڵی ئێران،
ئەو کەسانەن کە دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە، واز لە چالاکی و ڕێکخستنی
حزبی بهێنن و پابەندی یاساکانی هەرێم و عێراق بن. دەستەی سێیەمیش داوای گواستنەوە
بۆ وڵاتانی سێیەم دەکەن.
ئەسەدی دەستەی چوارەمی بە دوو گرووپ پۆلێن
کرد. گرووپی یەکەم، ئەو کەسانەن کە بە وتەی ناوبراو هێشتا پێداگری لەسەر ئەو چالاکییانە
دەکەن کە تاران بە «تێرۆریستی» ناویان دەبات. گرووپی دووەمیش، ئەو کەسانەن کە ئێران
بە پشتبەستن بە «فەرمانەکانی ئینتەرپول»، داوای ڕادەستکردنەوەی پێشکەش کردوون.
سەرکونسوڵی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو کە لە
ڕوانگەی تارانەوە، ئەو ئەندامانەی کە دەبێت لە عێراق دەربکرێن، بەدەر لەو کەسانەی
کە دەکەونە چوارچێوەی داوای ڕادەستکردنەوەوە، دەبێت تا کاتی دیاریکردنی وڵاتی سێیەم
و ڕەخسانی مەرجەکانی دەرچوون، لە کەمپێکدا لە سنووری ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیی
عێراق نیشتەجێ ببن.
بەرەوپێشچوون لە ڕێککەوتنی ئەمنیی
تاران و بەغدا لە چ ئاستێک دایە؟
ئەسەدی دوورخستنەوەی بارەگا و بنکەکانی
ئەم تاقمانە لە هێڵی سنووری ئێران بە یەکەم هەنگاو لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی
ساڵی ٢٠٢۳ی تاران و بەغدا زانی. بە وتەی ناوبراو، ئەندامانی گرووپەکان سەرەتا
بۆ قووڵایی هەرێمی کوردستان گواسترانەوە و بڕیار بوو لە قۆناغی داهاتوودا، وەکو
ئاوارە یان پەنابەر، لە کەمپە دیاریکراوەکاندا نیشتەجێ ببن. بەپێی ڕوونکردنەوەی ئەسەدی،
ئەم کەسانە لە کەمپەکاندا دەبێت چەک و تەقەمەنییان پێ نەبێت یان خەریکی مەشق و ڕێکخستنی
حزبی نەبن.
ناوبراو سەبارەت بە چەکدماڵین گوتی کە
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، چەکە قورسەکانی ئەم گرووپانە ڕادەست کراون و چەکە سووکەکان
هێشتا لە لای ئەندامانیان ماونەتەوە. ئەسەدی زیاتر گوتی کە دوورخستنەوەی گرووپەکان
لە هێڵی سنووری، نیشتەجێبوون لە کەمپەکاندا و چەکدماڵین تا ڕادەیەک پێش کەوتووە و
جێبەجێکردنی بەشەکانی تری ڕێککەوتنەکە، بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی جەنگیی ئێران و
ناوچەکە، هێشتا ماوە.
ئاسایشی سنوورەکان و گوزەرانی خەڵکی هەردوولا
ئەسەدی هەڵسوکەوتی حکومەتی هەرێمی
کوردستانی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیدا بە گشتی ئەرێنی هەڵسەنگاند. ناوبراو
باس لە حاڵەتی سنووردار لە پەڕینەوەی ئەندامانی ئەم گرووپانە لە سنوور کرد و جەختی
کردەوە کە حکومەتی هەرێم ڕێگەی بە پەڕینەوەیان نەداوە و چاوی لەم حاڵەتانە نەپۆشیوە.
سەرکونسوڵی ئێران هەروەها پاراستنی سەروەری
و یەکپارچەیی عێراقی بە یەکێک لە بنەما ستراتیژییەکانی سیاسەتی دەرەوەی تاران زانی
و گوتی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دابینکردنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان هەم لە
حکومەتی ناوەندیی عێراق و هەم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات.
سنووردارکردنی چالاکی دەروازە بازرگانییەکان
دەتوانێت ئاڵوگۆڕ و هاتوچۆی سنووری تووشی پەککەوتن بکات و زیان بە کارووبار و گوزەرانی
خەڵکی هەردوو لای سنوور بگەیەنێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە هەماهەنگیی نێوان بەغدا
و هەولێر بۆ دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکان و بەردەوامیی چالاکی دەروازە بازرگانییەکان
گرنگە.