جام کوردی - فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی جام کوردی، باسی لە گفتوگۆ و ڕاوێژەکانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کرد سەبارەت بە ناکۆکییەکان لەسەر کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ بەغدا. ئەو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە ڕێگەی یاسا و گفتوگۆی بەسوود بۆ هەردوو لا دانا و هۆشداریی دا کە سنووردارکردنی چالاکیی دەروازەکان زیان بە بازرگانی و بژێوی خەڵکی سنوورنشین لە هەردوو لای سنوور دەگەیەنێت.
لە بڕیارنامەی بەغداوە تا ڕاوێژ لەگەڵ هەولێر
ئەسەدی وتی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان، گومرگ و بودجە، پێشینەیەکی درێژخایەنی هەیە. ئەو بڕیارنامەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە «لایەنگرانه» ناوبرد و گوتی بڵاوکردنەوەی لە کاتێکدا کە بە باوەڕی ئەو هێشتا هەل بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە هەبوو، بەرپرسانی هەرێمی تووشی شۆک کرد.
کونسوڵی گشتیی ئێران گوتی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم داوای کردووە لە لێدوان و هەڵوێستی پەلەکردووانە دوور بکەونەوە و ناکۆکییەکان لە چوارچێوەی یاسادا بەدواداچوونیان بۆ بکەن. ئەو پەیوەندییە مێژووییەکانی ئێران لەگەڵ کورد و شیعەکانی عێراق، تەنانەت پێش گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠٠٣، بە یەکێک لە بنەماکانی متمانە لەم گفتوگۆیانەدا دانا.
ئەسەدی هەروەها ئاماژەی بە گوشاری ئەمریکا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان کرد بۆ جێبەجێکردنی سزاکان بەرامبەر ئێران و گوتی بەرپرسانی عێراق و هەرێم لە گفتوگۆکانیاندا ڕایانگەیاندووە کە ئەم سزایانە زیان بە ئابووریی خۆشیان دەگەیەنێت. بە وتەی ئەو، سنووردارکردنی چالاکیی دەروازە بازرگانییەکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سنووری تێک دەدات و خەڵکی سنوورنشین لە هەردوو لای سنوور بەهای ئەوە دەدەن.
ئەسەدی چ پەیامێکی لە نێوان دوو حیزبی سەرەکیی هەرێمدا گواستەوە؟
ئەسەدی بە ئاماژەدان بە دیداری لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی پێش و دوای کۆبوونەوەی دەستپێکردنەوەی چالاکیی پەرلەمانی هەرێم، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاوێژی کردووە.
بە وتەی ناوبراو، بەرپرسانی پارتی ڕوونیان کردووەتەوە کە ئامانجیان لە بەڕێوەبردنی دانیشتنێک دوای دوو ساڵ داخستنی پەرلەمان، ڕەوایەتیدان و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێم بووە. ئەوان هەروەها گوتوویانە مەبەستیان پێکهێنانی کابینەیەک بەبێ بەشداریی یەکێتی نییە. ئەسەدی گوتی ئەم پەیامەی گەیاندووەتە یەکێتی و دوو حیزبیش بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە لەگەڵ یەکتر ڕێککەوتوون. ئەو نزیکبوونەوەی دیدگاکانی دوو لاکەی بە پێویستیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ زانی.
بازرگانی لەگەڵ هەرێم بەردەوامە
ئەسەدی گوتی سەرەڕای سنووردارکردنی دەستگەیشتنی هەندێک لە بازرگانانی هەرێم بە دراوی حکومی بۆ کڕین لە ئێران، ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێران هێشتا بۆ کڕیارانی هەرێم بە نرخێکی گونجاو دابین دەبن. ئەو هەروەها ئاماژەی بە بەشداریی ٣٩ کۆمپانیای ئێرانی لە پێشانگای بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم کرد.
بانگهێشتی ئەسەدی بۆ ئارامی و پاراستنی یەکێتیی عێراق
ئەسەدی لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا هەندێک وڵاتی دەرەوەی ناوچەیی تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان ئێران و عێراق و گوتی ڕاوێژ و گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێم هێشتا بەردەوامن.
ئەسەدی لە کۆتاییدا بە جەختکردنەوە لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و یەکێتیی عێراق، داوای لە بەرپرسانی بەغدا و هەولێر کرد ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەن و خزمەتکردنی خەڵک بخەنە پێشەوە.