جام کوردی - گۆڤاری بەناوبانگی «فۆرێن پۆڵیسی» لە ڕاپۆرتێکی گشتگیردا لەبارەی لێکەوتە ستراتیژییەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، جەخت دەکاتەوە کە بەپێچەوانەی ئامانجە سەرەتاییەکانی هێرشبەرانەوە، ئەم جەنگە نەک هەر نەبووە هۆی لاوازکردنی ئێران، بەڵکوو بە هەڵوەشاندنەوەی متمانەی سیستەمە بەرگرییە گرانبەهاکانی ڕۆژئاوا، گۆڕینی ئابووریی جیهان و بەهێزکردنی پێگەی تاران، هاوکێشە جیۆپۆلەتیکییەکانی جیهانی بۆ هەمیشە وەرگێڕاوە.
کۆمەڵە گۆڕانکارییەکانی دەرئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی دژی ئێران، سنووری مەیدانەکانی شەڕیان تێپەڕاندووە؛ بەپێی نووسینی گۆڤاری «فۆرێن پۆڵیسی»، ئەمە «بوومەلەرزەیەکی بێدەنگ»ە کە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی جیۆپۆلەتیکی مۆدێرن و باڵانسی هێز لە ناوچەکە و جیهاندا لە بنەڕەتەوە دادەڕێژێتەوە.
فۆرێن پۆڵیسی لەم شیکارییەدا دەنووسێت: سەرباری سەرنجی زۆری میدیاکان لەسەر لایەنە دەستبەجێکانی ئەم ململانێیە وەک گرنگیی درۆن و مووشەکەکان، هەڕەشە لەسەر گەرووە هەستیارەکانی ئابووریی جیهانی وەک گەرووی هورمز و بابولمەندەب، و کەمبوونەوەی کۆگاکانی چەکی ئەمریکا، بەڵام لێکەوتە درێژخایەنەکانی ئەم جەنگە زۆر قووڵتر و داتاشەرترن؛ ئەو گۆڕانکارییانەی کە زوو یان درەنگ سیستەمی نەریتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەزمی نێودەوڵەتی بەتەواوی دەگۆڕن.
شکستی ئەفسانەی سیستەمە بەرگرییە فرەنەتەوەییەکان
یەکەم شکستی ستراتیژیی ئەم جەنگە، هەرەسهێنانی ئەو وەهمە بوو کە پێی وابوو سیستمە بەرگرییە مووشەکییە گرانبەها و لووکسەکان —کە وڵاتانی عەرەبیی کەنداو لە ساڵانی ڕابردوودا لە ئەمریکایان کڕیبوو— کاران. پشتپەستنی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکی کرووز و بالیستیکی هەرزان، بەرهەمهاتووی فراوان و دروستکردنئاسان، سەلماندی کە سیستەمە ڕاوەستێنەرە گرانبەهاکانی ڕۆژئاوا ناتوانن بەرپەرچی ئەم هێرشانە بدەنەوە. ئەمەش بووە هۆی لەرزاندنی کەرتەکانی وزە، دارایی و بازرگانیی وڵاتانی عەرەبی و ئەم دەوڵەتانەی لەبارەی پشتپێبەستن بە واشنتۆن بۆ دابینکردنی ئاسایشەکەیان، خستە نێو گومانێکی قووڵەوە. تاران نیشانیدا کە توانای ئەوەی هەیە بێ ترس لە هەوڵەکان بۆ گۆڕینی ڕژێم، گوشاری ڕاستەوخۆ بخاتە سەر ئابووریی ناوچەکە و جیهان.
دۆکتریبی «سنوورەکانی ڕۆما» و جەنگە بێکۆتاکانی ئیسرائیل
لە لایەکی دیکەوە، ڕژێمی زایۆنی بە چاوپێکەوتن و وەرگرتنی ئیلهام لە دۆکتریبی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمای کۆن، بەرەو ستراتیژیی «جەنگە سنوورییە هەمیشەییەکان» هەنگاوی ناوە. تەلئەبیب پاش ڕووداوەکانی «تۆفانی ئەقسا»، دروستکردنی ناوچەی دابڕاو (حائیل) لە دەوروبەری سنوورەکانی خۆی (لوبنان، سووریا و غەززە) و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی پێشوەختەی بەردەوامی هەڵبژاردووە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی ناوخۆیی خۆی؛ ستراتیژییەک کە سەرباری هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەکان، ئیسرائیل لە زۆنگاوی ململانێیەکی پڕ لە سوواندن (فرسایشی)دا دەگلێنێت.
دەرکەوتنی ئێرانێکی بەهێزتر
گرنگترین پارادۆکسی ئەم جەنگە، شکستی ئەو ئامانجانە بوو کە واشنتۆن و تەلئەبیب ڕایانگەیاندبوو. لە کاتێکدا جەنگەکە بە ئامانجی ڕووخاندنی سیستەمی سیاسیی ئێران و سڕینەوەی هەژموونی ناوچەیی داڕێژرابوو، ئەنجامەکەی بەتەواوی پێچەوانە بووەوە. ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە پێگەی جوگرافیی بێوێنەی خۆی لە گەرووی هورمز و نیشاندانی هێزی بەرپەرچدانەوەی مووشەکی و درۆنی لە دژی بنکەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندیی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، نەک هەر لاواز نەبوو، بەڵکوو بەهێزتر و بە توانست و توێژینەوەی ستراتیژیی زیاترەوە لەم تاقیکردنەوەیە هاتە دەرەوە؛ ئەو ڕاستییەی کە هاوسەنگییەکی نوێی بەسەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەپاندووە.