جام کوردی - سەرۆک کۆماری ئێران لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانیی هەناردەکردندا، بە جەختکردنەوە لەسەر خۆڕاگریی ئێران لە بەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە حکوومەت لە هەوڵی نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فراوانکردنی ڕێگاکانی بازرگانیی دەرەکیدایە. هاوکات پزیشکیان بە جەختکردنەوە لەوەی کە ئێران دەستپێشخەری جەنگ نییە، ڕوونیکردەوە تاران مل بۆ زۆرداری نادات و بەدوای دەرچوونە لە دۆخی «نە جەنگ و نە ئاشتی».

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار، لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی نیشتمانیی هەناردەکردن و ناساندنی هەناردەکارانی نموونەیی وڵاتدا، بە پێداگری لەسەر خۆڕاگریی ئێران لە بەرامبەر گوشار و سزاکانی ئەمریکا گوتی: حکوومەت لە هەوڵدایە کێشە و بەربەستەکانی بەردەم بەرهەمهێنەران و هەناردەکاران نەهێڵێت و ڕێگەی نوێ بۆ فراوانکردنی بازرگانیی دەرەکی فەراهەم بکات. ناوبراو هەروەها بە جەختکردنەوە لەوەی ئێران بەدوای جەنگەوە نییە، گوتیشی: وڵات لە بەرامبەر زۆرداری و گوشاردا تەسلیم نابێت.

ڕاوەستاین و بەردەوامیش دەبین لە خۆڕاگری

سەرۆک کۆمار بە ئاماژەدان بە گوشارە سیاسی و ئابوورییەکان دژی ئێران گوتی: ئەمریکا پێشبینیی ئەوەی نەدەکرد کە هێرش و سزاکان بەم شێوەیە ڕووبەڕووی خۆڕاگریی ئێران ببنەوە، بەڵام وڵات ڕاوەستا و لەسەر ئەم ڕێگەیە بەردەوام دەبێت.

پزیشکیان بە دەربڕینی ئەوەی کە ئێران هەرگیز بەدوای جەنگەوە نەبووە، جەختی کردەوە کە تاران بەنیازی دەستپێکردنی جەنگ نییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەکیش مل بۆ زۆرداری و ملهوڕی نادات. بە وتەی ئەو، ئەم ڕوانگەیە ڕەگی لە کەلتوور، باوەڕ و بیروباوەڕی خەڵکی ئێراندا هەیە.

ناوبراو هەروەها بە ئاماژەدان بە هەوڵەکانی دوژمنان بۆ لاوازکردنی وڵات گوتی: ئامانجی ئەوان لە هێرشکردنە سەر ژێرخانەکان و کردنە ئامانجی بەرپرسان، فەرماندەکان، زانایان و خوێندکاران، دروستکردنی نائارامی و ڕووخاندنی ئێران بوو؛ لەگەڵ ئەوەشدا، خەڵک بە وەلاوەنانی ناکۆکی و کێشەکان، بۆ بەرگریکردن لە وڵات شانبەشانی یەکتر وەستانەوە.

پزیشکیان دەرچوون لە دۆخی «نە جەنگ و نە ئاشتی»ی بە یەکێک لە لەپێشینەکانی وڵات دانا و گوتی: هەوڵی حکوومەت ئەوەیە کە بە پشتپێبەستن بە لۆژیک و مافەکانی گەلی ئێران، لەم بارودۆخەی ئێستا تێپەڕێت.

سیاسەتی ڕێبەری شەهیدی شۆڕش دەرچوون بوو لە دۆخی «نە جەنگ و نە ئاشتی»

سەرۆک کۆمار لە درێژەدا گوتی: لە قۆناغێکدا لەبیرمە باسی ئەوە دەکرا کە لەگەڵ ئەمریکییەکان گفتوگۆ ناکەین، چەندین جار لە دەنگوڕەنگیشەوە وتاری ڕێبەرە شەهیدەکەمان پەخش دەکرا کە دەیفەرموو لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ ناکەین. لە هەمان کاتدا چوومە خزمەت ڕێبەرە ئازیزەکەمان؛ سیاسەت و ڕوانگەی بەڕێزیان ئەوە بوو کە دەبێت لە دۆخی «نە جەنگ، نە ئاشتی» دەربچین؛ چونکە ئەم دۆخە، خراپترین بارودۆخێکە کە ئێستا تێیکەوتووین.

پزیشکیان زیادی کرد: کاتێک گەیشتینە خزمەتیان و ڕەوتی کارەکانمان ڕوون کردەوە و داوای ڕێنوێنیمان کرد، گفتوگۆمان کرد و بەڕێزیان فەرمانیان دا کە بڕۆن و کێشەکە چارەسەر بکەن؛ لە دوا پەیامیشیاندا کە سەبارەت بەو وتووێژانە دەریانکرد، جەختیان لەوە کردەوە کە پرسەکە بە تەواوەتی چارەسەر بکەین.

ناوبراو بە دەربڕینی بێزاری لە وەڵامی لایەنی بەرامبەر و شەهیدکردنی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی، ڕایگەیاند: دوژمنان ڕێبەری ئازیز، فەرماندەکان و دوو وەزیری حکوومەتیان شەهید کرد؛ زانایان و خوێندکارانی ئێمەیان کردە ئامانج و شەهیدیان کردن تا وڵاتەکەمان بڕووخێنن.

ئامانجی دوژمن ڕووخاندنی ئێران بوو، بەڵام گەل بە سەربەرزی و هێزەوە ڕاوەستا

سەرۆک کۆمار لە درێژەدا ئەم پرسیارەی خستەڕوو کە «لە نێو ئەم جیهانە دڕندەیەدا، ئێمە دەبێت چی بکەین؟» و گوتی: دکتۆر لاریجانییش بەدوای چارەسەرکردنی تەواوی ئەم پرسانەوە بوو، چونکە ڕێبەری فەرمانی پێدابوو و ئێمەش خەریکی پێشخستنی کارەکان بووین، بەڵام دوژمنان نەیانویست؛ ئەوان وایان دەزانی ئەگەر بێن و ڕێبەری ئازیزی ئێمە شەهید بکەن یان فەرماندەکانمان بکەنە ئامانج، دەتوانن وڵاتەکەمان بڕووخێنن، بەڵام گەلی ئازیزی ئێران بە سەربەرزی و دەسەڵاتەوە ڕاوەستان.

پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد: گەلی ئێران ڕاوەستان چونکە دڵیان بۆ ئەم خاک و ئاوە لێدەدات و تەواوی هەوڵی خۆیان بۆ ئەم نیشتمانە دەخەنە گەڕ؛ گەلی ئێران هەموو گلەیی، نیگەرانی و کێشەکانی خۆیان وەلا نا و دەستیان خستە نێو دەستی یەکتر و ئێمەش لە تەنیشتیان وەستاین و شکۆمان خولقاند؛ گەلی ئێران شکۆخولقێنن.

دەرچوون لە دۆخی «نە جەنگ و نە ئاشتی» لە لەپێشینەکانی وڵاتە

پزیشکیان لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، دەرچوون لە دۆخی «نە جەنگ و نە ئاشتی»ی بە لەپێشینەی وڵات زانی و گوتی: تەواوی هەوڵی ئێمە ئەوەیە لەم دۆخە بێینە دەرەوە و بە پشتپێبەستن بە لۆژیک، مافەکانی وڵات و خەڵکە ئازیزەکەمان دەستەبەر بکەین. لە بواری کێشە بازرگانی و ئابوورییەکانیشدا ئەوەندەی لە تواناماندا بێت، لە تەنیشتتان دەبین.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە پێشنیازی هەندێک لە وتاربێژان بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی هاوبەش بە ئامادەبوونی سەرۆکی بانکی ناوەندی و بەرپرسانی پەیوەندیدار گوتی: ئەم پێشنیازە بە تەواوی قبووڵکراوە و ئێمە هەمیشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانتان ئامادەین.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پشکی زیاتر لە لەسەدا ٧٥ی ڕێڕەوە دەریاییەکان لە بازرگانیی ئێراندا کرد و ڕوونی کردەوە: بە داخرانی ڕێگە دەریاییەکان گرفت دروست بووە، بەڵام لە ڕێگاکانی دیکەشەوە بەدواداچوون بۆ هەناردەکردن دەکەین. سەرەڕای هەموو سزاکان و گرفتەکان، پشکی بازرگانیی دەریایی بۆ لەسەدا ٢٥ دابەزیوە، بەڵام هەوڵ دەدەین بە کردنەوەی ڕێگەی دیکە دەرفەتی بازرگانی فراوانتر بکەین؛ هەرچەندە ئەم کارە خەرجیی زیاتریشمان بەسەردا دەسەپێنێت.

پزیشکیان بە ئاماژەدان بە سازدانی چەندین کۆبوونەوەی بەردەوام لەگەڵ ژووری بازرگانی، دەسەڵاتی دادوەری، بەرهەمهێنەران و هەناردەکاران، جەختی کردەوە: حکوومەت هەوڵی نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم بەرهەمهێنان و هەناردەکردن دەدات. بێگومان هەندێک بەربەستی یاسایی هەن کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەن و دەبێت هەموار بکرێنەوە، چونکە لە کۆتاییدا ئامانجی هەموومان ئاسانکارییە لە کارەکان و پاڵپشتیکردنی چالاکوانانی ئابوورییە.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگهای، بریکس و یەکێتیی ئابووریی ئۆراسیا کرد و گوتی: هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ئەم کۆمەڵانە زیاد بکەین. بێگومان ئەم ڕاستییە لە ئێمە شاراوە نییە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان گوشاری خستووەتە سەر ئەم وڵاتانە تا مامەڵە لەگەڵ ئێراندا نەکەن، هەروەها هەوڵ دەدات ڕێگە وشکانییەکانیشمان لێ دابخات.

سەرۆک کۆمار وێڕای هەموو گوشار و هەڕەشەکان، بە ئاماژەدان بە دەرفەتەکانی هاوکاری لەگەڵ ئەو وڵاتانە گوتی: ئێمە خەریکی پێشخستنی ئامانجەکانمان و بەڕێوەبردنی وتووێژەکانین و هیوادارین لەم ڕێگەیەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنین.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەو لێکتێگەیشتنەی لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان واژۆ کرابوو، گوتی: لێکتێگەیشتنێکی باش بوو و دەستکەوتی زۆری بۆ وڵاتەکەمان هەبوو؛ سێزدە ئەندام لە دوازدە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەنگیان پێدا و بەرگرییان لێکرد. فەرماندەکانمان لە سوپا، سوپای پاسداران و هێزی فەزایی، هەروەها دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان و حکوومەت، هەموومان لەسەر ئەم ڕێککەوتنە هاوڕابووین و باوەڕمان وابوو کە دەبێت ئەم هەنگاوە بنێین.

 پێویستە ئەمریکا دان بە مافەکانی گەلی ئێراندا بنێت

سەرۆک کۆمار بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە گوتی: لە ئێستادا لە دۆخێکی ئاساییدا نین؛ بارودۆخی هەنووکەیی نە بۆ ئێمە لەبارە و نە بۆ ئەوانیش. پێویستە ئەوان دان بە مافەکانی گەلی ئێراندا بنێن و دەست لە زۆرداری و دەستدرێژی هەڵبگرن؛ لەو کاتەدا دەتوانین لە تەنیشت یەکتر دانیشین و وتووێژ بکەین.