جام کوردی - گرووپی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان) لە یەمەن، ئەنجامدانی چوار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕاگەیاند کە بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، چەندین پێگەیان لە سعودیە کردووەتە ئامانج، هاوکات جەختی لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەرەو قووڵایی خاکی سعودیە کردەوە.
ئەنساروڵڵا ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە "هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا، بە بەکارهێنانی ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، چوار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەتیان ئەنجامداوە، وەک وەڵامێک بۆ پەرەسەندنی سەربازیی سعودیە."
ئەوەشی خستەڕوو کە "ئۆپەراسیۆنی یەکەم باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی لە ڕیازی پایتەختی سعودیە کردووەتە ئامانج و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێکاویەتی، لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنی دووەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە دەمام کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان تیایدا."
هەروەها ڕوونیشی کردەوە کە "ئۆپەراسیۆنی سێیەم کۆمپانیای ئارامکۆی لە یەنبەع کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە شوێنی بۆردومانکراودا، لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنی چوارەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبهای کردووەتە ئامانج و بە ڕاستەوخۆ پێکاویەتی.