بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەبولفەزل مەلیک ئەحمەدی خوێندکاری ماستەر لە زانکۆی تەکنەلۆجیای شەریف لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە گرنگی ئەم پڕۆژەیە و کاریگەری لەسەر پرۆسەی چارەسەرکردنی نەخۆشانی جەڵتەی مێشک ڕایگەیاند: جەڵتەی مێشک یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە ئێران و ڕۆژانە نزیکەی 400 کەس تووشی ئەم حاڵەتە دەبن.

سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر کاتژمێرە زێڕینەکان لە چارەسەرکردن، واتە چوار بۆ شەش کاتژمێری یەکەمی پاش جەڵتە، بەڵام نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ لەو کاتە و نەبوونی ڕێکوپێکی لە پرۆسەی وێنەگرتنی پزیشکیدا دەبێتە هۆی دواکەوتنی پرۆسەی چارەسەرکردن، کە لەوانەیە زیانێکی گەورە بۆ نەخۆش درووست بکات.

وتیشی: ئەو سیستەمەی که درووستمان کردووە، لە ڕێگەی کۆکردنەوەی داتای وێنەگرتن لە نەخۆشەکان لەوانە سی تی سکان، MRI  و ئەنژیوگرافی، دەستگەیشتن بە پزیشکی پسپۆڕ لە دوورەوە دابین دەکات. ئەم تەکنەلۆژیایە بە یارمەتی زیرەکی دەستکرد بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وێنەی مێشکی نەخۆش شیدەکاتەوە و زانیاری گرنگ سەبارەت بە سەختی جەڵتە، ڕادەی زیان و شوێنی درووستی جەڵتەی مێشک دابین دەکات.

 مەلیک ئەحمەدی چۆنیەتی کارکردنی ئەم سیستەمەی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند: ئەم سیستەمە جگە لە یەکخستنی داتای نەخۆش، توانای دابینکردنی زانیاری درووستی سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری هەیە. پزیشک دەتوانێت پرۆسەی چارەسەری نەخۆش باشتر بکات بە هەڵبژاردنی مۆدێلێکی زانیاری ورد لە هەڵبژاردنەکانی بەردەست. ئەم توانایە بڕیاردان سەبارەت بە شێوازەکانی چارەسەر خێراتر دەکات، لەوانە هەڵبژاردنی دەرمان، دەستێوەردانی پزیشکی، یان شێوازی نەشتەرگەری.

مەلیک ئەحمەدی لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە: ئامانجمان ئەوەیە کە زیرەکی دەستکرد بکەینە ئامرازێکی کاریگەر بۆ ئەوەی نەک تەنیا پرۆسەی دەستنیشانکردن خێراتر بێت بەڵکو درووستی بڕیاردان لە قۆناغەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشانی جەلتەش باشتر بێت.

 لە داهاتوودا بەنیازین شێوازەکانی سیستەمەکە باشتر بکەین و هەروەها مەودای بەکارهێنانەکەی بۆ نەخۆشییەکانی دیکەش فراوانتر بکەین. هیوادارین ئەم تەکنەلۆژیایە بتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە کەمکردنەوەی مردن و بەرزکردنەوەی کوالیتی ژیانی نەخۆشەکان./.