جام کوردی - مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک‌کۆماری ئێران لە میانەی بەشداریکردنی لە هەشتەمین لوتکەی سەرکردەکانی "کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری غاز" (GECF) لە مۆسکۆ، هۆشداری دا لەوەی دەستێوەردان و جموجۆڵە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز، دەبێتە هۆی شڵەژانی ڕەوتی دابینکردن، گواستنەوە و نرخەکانی وزە و لە کۆتاییدا گەشەی ئابووریی جیهان تووشی پاشەکشە دەکات.

پزیشکیان لە وتارەکەیدا، سزاکانی ئەمریکا و ئەو گەمارۆ دەریایی و ئاسمانییەی بەسەر تاراندا سەپێنراوە بە "تیرۆریزمی ئابووری" ناوبرد و داوای لە زلهێزە هەناردەکارەکانی وزەی جیهان کرد بەرەنگاری ئەم هەنگاوانە ببنەوە. هەروەها ناوبراو ئاماژەی بە ململانێ سەربازییەکانی ئەم دواییە و لێدانی بنکە و دامەزراوەکانی وزەی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە لێکەوتەی ئەم کردەوانە سنوورەکانی ناوچەکەی بڕیوە و ڕاستەوخۆ ئاسایشی وزەی جیهانی خستووەتە ژێر مەترسییەوە.

سەرۆک‌کۆماری ئێران، وەک دووەم خاوەن گەورەترین یەدەگی غازی سروشتی لەسەر ئاستی جیهان، ئامادەیی تەواوی تارانی نیشان دا بۆ فرەچەشنکردنی هاوکارییەکان، پەرەپێدانی دیپلۆماسیی فرەلایەنەی غاز و ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی. پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ساڵانێکی زۆر لە سزای ئابووری، ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی غازی سروشتیی وڵاتەکەی نزیکەی ۳۰۰ ملیار مەتر سێجایە و ئێران وەک سێیەم گەورە بەرهەمهێنەری غاز لە جیهاندا ماوەتەوە.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، پزیشکیان داوای لە کۆمپانیا و سەرمایەگوزارانی وڵاتانی ئەندام لە کۆڕبەندەکە کرد، بێ دوودڵی سوود لەو ئاسانکاری و هاندانانە وەربگرن کە لە کەرتی نەوت، غاز و پێترۆکیمیایی ئێراندا بۆ پڕۆژە هاوبەشەکان دابین کراون.