جام کوردی - لە دیدارێکی دووقۆڵیدا لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک‌کۆماری ئێران، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆک‌کۆماری ڕووسیا، پێداگریی مۆسکۆی لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی بەڵێن و پابەندییەکانی سەبارەت بە پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات دووپات کردەوە.

 پوتین لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: «ئێمە هەوڵ دەدەین تەواوی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لەگەڵ ئێران بەدی بهێنین، هەروەها هیوادارین دۆخ و گۆڕانکارییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا هەنگاو بنێن.»

سەرۆکی ڕووسیا بە شێوەیەکی ڕوون جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ تەواوی ئەرک و پابەندییەکانی لە چوارچێوەی پڕۆژە هاوبەشەکاندا لەگەڵ تاران بە تەواوی و بێ کەم‌وکورتی جێبەجێ دەکات.

هەروەها پوتین لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو لا کرد و ئاشکرای کرد کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ڕووسیا و ئێران لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵی زایینیدا بە ڕێژەی ١٠.٤٪ گەشەی بەخۆیەوە بینیوە.