جام کوردی - یەکێتیی ئەورووپا کە ڕۆژگارێک لە ڕێگەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ۲۰۱۵ (بەرجام) و گرتنەبەری ستراتیژییەکی واقیعبینانە، ڕۆڵێکی میحوەری و سەربەخۆی لە دیپلۆماسی لەگەڵ تاران دەگێڕا، ئێستا کارتە ئابووری و کاریگەرییە ستراتیژییەکانی لەدەست داوە و لە هاوکێشە ئەمنییەکانی ڕۆژاوای ئاسیادا پەراوێز خراوە.

بەڵگەنامەی ۲۰۱۶؛ کاتێک برۆکسل بەدوای پەیوەندیی گشتگیرەوە بوو

ماڵپەڕی شیکاریی «ریسپانسبڵ ستەیت‌کرافت» لە وتارێکی «ئێلدار مەمدۆڤ»، ڕاوێژکاری پێشووی پەرلەمانی ئەورووپادا دەستنیشانی دەکات کە لە ئۆکتۆبەری ۲۰۱۶دا، پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان چوارچێوەیەکی فراوانی بۆ ئاساییکردنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران پەسەند کرد؛ لە بازرگانی و هاوکاریی زانستییەوە تا چارەسەری قەیرانەکانی سوریا و یەمەن. لەو قۆناغەدا ئەورووپا لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی «کەمی پەیوەندییەکانە، نەک لووتکەکەی» و تاران شەراکەتێکی پێویستە بۆ ئارامیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کشانەوەی ترامپ و ڕووخانی وەهمی «سەربەخۆیی ستراتیژی»

بەڵام ئەم دەرفەتە زۆری نەخایاند. کشانەوەی یەکلایەنەی دۆناڵد ترامپ لە ساڵی ۲۰۱٨، ئەورووپای لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا دانا و شکستی هێنا. کۆمپانیا و بانکە ئەورووپییەکان لە ترسی سزاکانی خەزێنەی ئەمەریکا ئێرانیان بەجێهێشت و میکانیزمی دارایی «ئینیستێکس» (INSTEX)یش هەرگیز نەیتوانی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئێران دابین بکات. هاوکات ترویکای ئەورووپا (بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا) بۆ ڕازیکردنی واشنتۆن، هەڵوێستی توندیان دژی توانای بەرگریی ئێران گرتەبەر، کە ئەمەش پەیامی لاوازی و بێ‌ئیرادەیی برۆکسلی بەرامبەر دەسەڵاتی دۆلاری گەیاندە تاران.

پاشەکشەی ئەورووپا و گۆڕانی ناوەندەکانی نێوەندگری

ئەم بێ‌دەسەڵاتییە بووە هۆی گۆڕینی یاریگەی دیپلۆماسی؛ ئەورووپا نەک هەر نەیتوانی وەک پردێک لە نێوان ئێران و جیهاندا بمێنێتەوە، بەڵکو دەستپێشخەرییە گرنگەکانی ناوچەکە — وەک ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز — لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی و بە نێوەندگریی پەکین بەڕێوەچوو، تەنانەت لە قەیرانەکانی دواتریشدا وڵاتانی وەک تورکیا و هێزە ناوچەییەکان دەستپێشخەرییەکانیان گرتە دەست.

ئێستا کیشوەری سەوز لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە: یان دەبێت بەردەوام بێت لە پاشکۆیەتیی سیاسەتەکانی واشنتۆن، یان هەوڵ بدات ڕۆڵێکی سەربەخۆ و واقیعبینانە لە هاوکێشەکانی ڕۆژاوای ئاسیا و دیپلۆماسی لەگەڵ ئێراندا پێناسە بکاتەوە.