جام کوردی - لە سەروبەندی هەڵبژاردنە بەراییەکانی ئەمریکادا و هاوکات لەگەڵ زیادبوونی مەترسیی لەدەستدانی کۆنترۆڵی کۆنگرێس لەلایەن کۆمارییەکانەوە، دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، چەندین کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی مەیدانی و ڕووبەڕوویان هەڵوەشاندەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی «سی ئێن بی سی»، دۆناڵد ترەمپ بەرنامەکانی خۆی لە ویلایەتەکانی کانزاس و ئایۆوا هەڵوەشاندووەتەوە و بڕیاری داوە لەبری گەشتە چڕوپڕەکان، «ماراسۆنێکی ٧٢ کاتژمێری» بە شێوەی پەیوەندیی ئۆنلاین و مەجازی لەگەڵ لانیکەم ١٩ ویلایەت ئەنجام بدات.
ترەمپ پێشتر بەڵێنی دابوو بۆ بەرزکردنەوەی بەشداریی لایەنگرانی سەردانی ٣٥ ناوچە بکات، بەڵام بەهۆی شەکەتی و ماندووبوونی زۆر و نووسانی دەنگییەوە دانی بەوەدا نا کە جەستەی مرۆڤ بۆ بەشداریکردنی بەردەوام و ڕۆژانە لە گردبوونەوەکاندا دروست نەکراوە. هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، جەی دی ڤانسیش کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی لە ویلایەتی مینیسۆتا بەبێ ڕاگەیاندنی هۆکارێکی دیاریکراو هەڵوەشاندەوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە ئاستی جەماوەریی ئیدارەی ترەمپ بەهۆی ئاڵنگارییەکانی وەک بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و پەرەسەندنی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان تووشی دابەزینێکی بەرچاو بووە. ڕاپرسییە گشتییەکان لە ئەمریکا دەریدەخەن کە زۆربەی هاووڵاتیان سەرکەوتنی دیموکراتەکان و کۆنترۆڵکردنی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران لەلایەن ئەوانەوە پێ باشترە؛ بابەتێک کە دەتوانێت هاوسەنگیی دەسەڵات لە واشنتۆن بە تەواوی بگۆڕێت.