جام کوردی - سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆتایی گەشتی بۆ تورکەمەنستان و لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئیرنا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکان بە پێشینەیەکی نەگۆڕی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ناوبرد. ئەو ئامانجی ئەم گەشتەی بەدواداچوونی مەیدانیی پڕۆژە گەورە هاوبەشەکان لە بوارەکانی وزە و گواستنەوە و ترانزیت دانا و ڕایگەیاند کە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچە و ئامادەباشی تەواوی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی بۆ بەرپرسانی تورکەمەنستان ڕوون کردووەتەوە.

عێراقچی بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی چالاکی دوحە و ئیسلامئاباد وەک ناوبژیوان، جەختی کردەوە کە ئێران پلانی ڕوون و مەرجە دادپەروەرانەکانی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی پێشکەش کردووە؛ بەڵام لە بەرامبەر هەر هێرشێکی سەربازی، وەڵامێکی زۆر توندتر و پەشیمانکەرەوەتر لە جاران دەداتەوە. ئەو جەختی کردەوە کە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و کردنەوەی هاتووچۆ لە تەنگەی هۆرمز، بە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە قبووڵکردنی بێ‌مەرجی مەرجە ڕەواکانى تاران. وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها گەشتی جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشە نیشتیمانییەکەی بۆ پەکین، لە چوارچێوەی هاوکارییە ستراتیژی و ئاسایشییەکان لەگەڵ ڕۆژهەڵات هەڵسەنگاند.