جام کوردی - قاسم ئەلعەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ڕۆژی دووشەممە (٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦) جەختی لەوە کردەوە کە عێراق هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەدات، و هۆشداری دا کە سنوورەکانی ئەم وڵاتە فراوانن و بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە خاکی عێراق وەکو رێڕەوێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
ئەلعەبوودی لە کاتی بەشداریکردنی لە بیست و دووەمین خولی کۆنگرەی گفتوگۆی ئاسایشی ناوچەیی مەنامەدا ڕایگەیاند کە عێراق هەروەک چۆن خەمخۆری ئاسایشی خۆیەتی، گرنگی بە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێش دەدات و هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە دەکات بۆ بنیاتنانی دکتۆرینێکی سەربازیی بەرگری.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە عێراق بووەتە یەکێک لە بێلایەنترین وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام لە هەمان کاتدا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێراندا؛ هەروەها جەختی لە پێویستیی ناوچەکە بە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی کردەوە.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بانگهێشتی وڵاتانی کەنداوی کرد دەرگاکانیان بەڕووی عێراقدا بکەنەوە و لەم وڵاتەدا سرمایەگوزاری بکەن، و جەختی لە سووربوونی بەغداد کردەوە لەسەر دامەزراندنی پەیوەندی لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش لەگەڵ هەموو وڵاتان.