جام کوردی - غۆڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆتایی یازدەهەمین کۆبوونەوەی «تێکۆشەران لە تاراوگە» لە شاری مەشهەد، بە ئاماژەدان بە بنەما قورئانی و ئەقڵانییەکانی دژایەتیکردنی ستەمکاری جەختی کردەوە؛ بەرەنگاربوونەوەی زلهێزە چاوچنۆک، ستەمکار و باڵادەستخوازەکان بە فەرمانی ئەقڵ و ئایین پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و ئەم دیدگایەش لە ڕێبازی ڕابەری شەهیدی شۆڕشدا، بە هیچ سەردەم و شوێنێکی دیاریکراوەوە سنووردار نەکراوە.
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لەم وتارەیدا کە ئێوارەی سێشەممە پێشکەشی کرد، ئاماژەی بە تاوانەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە کەرتی غەززە و خوو و ڕەوشتی باڵادەستخوازیی ئەو وڵاتە کرد و ڕایگەیاند: «ئەمریکای تاوانبار بە کۆمەڵکوژکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوان سەلماندی کە بەردەوام دەبێت لە زیادەڕۆیی و دەستدرێژییەکانی. تەنانەت ئەگەر لەگەڵ وڵاتێکی وەک ئێرانیش بکەوێتە شەڕەوە، ئەم ڕەفتارە ستەمکارانەیەی کۆتایی پێ نایەت؛ چونکە ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرداران پێویستی بە نەخشەڕێگا، پلاندانانی پتەو لە بوارە جیاوازەکان و دروستکردنی هێزی ڕاستەقینە هەیە.»
ئێژەیی لە درێژەی قسەکانیدا ستایشی بەشداریی بەردەوام و بەرچاوی گەلی ئێرانی کرد لە گۆڕەپانەکانی بەرگری لە وڵات و گوتی: «دوژمن هەموو حیساباتێکی وردی کردبوو، بەڵام هەرگیز ئامادەبوون و پشتیوانیی هەمەلایەنەی خەڵک و ئەم ئاستە لە خۆڕاگرییەی پێشبینی نەکردبوو؛ هەر بۆیە ئەمڕۆ بەهۆی ئەم هاوپشتی و یەکڕیزییە نیشتمانییەوە، دوژمن گەیشتووەتە بنبەست و تەواو دەستەوەستان بووە.»