جام کوردی - سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوی ژمارە ۲۱ی خۆیدا، باسی لە ڕوودانی ئاگرکەوتنەوە لە دوو نەوتکێش و کێشەرێک (تۆک) لە گەروی هورمز کرد، کە بە وتەی سوپا لە ئەنجامی پێکدادانیان لەگەڵ میندا ڕووی داوە. هەروەها ئەم دەزگا سەربازییە ڕایگەیاند کە یەکەی جەنگی ئەلیکترۆنی هێزی دەریایی سوپا توانیویەتی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشێلکاری جۆری «لۆکاس» کۆنتڕۆڵ بکات و بە سەلامەتی بیاننشێنێتەوە.

لە دەقی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ئەم ڕووداوانە لە کاتی هەوڵی کەشتییەکان بۆ پەڕینەوە لە ڕێڕەوە نایاساییەکاندا ڕوویان داوە. پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران وێڕای پێزانین بۆ خۆڕاگریی گەلی ئێران لە ماوەی ۲۵۰ شەو و ڕۆژی ڕابردوودا، جەختی کردەوە کە هێزی دەریایی سوپا وەک هەمیشە بە شێوەیەکی کاریگەر بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵی گەروی هورمز بە دەستەوەیە.

بەپێی وردەکارییە ڕاگەیەندراوەکان، شەوی ڕابردوو نەوتکێشێکی گەورە لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوون لە ڕێڕەوی نایاسایی باشووری گەرووەکە، بەهۆی بەرکەوتنی بە مین تووشی کارەساتی ئاگرکەوتنەوە و وەستان بوو. هەروەها نەوتکێشێکی زەبەلاحی دیکەش لە کاتی دەرچوون لەم تەوەره لە ڕۆژهەڵاتی گەروی هورمز تووشی ئاگرکەوتنەوەیەکی فراوان بوو و کێشەرێکیش (تۆک) کە بۆ ئەرکی فریاگوزاری و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە نزیک بووبووەوە، ئەویش ئاگری تێبەربوو.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە تێکۆشەرانی یەکەی جەنگی ئەلیکترۆنی هێزی دەریایی سوپا توانیویانە بە دەستبەسەرداگرتنی کۆنتڕۆڵ و ئاڕاستەکردنی ٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشێلکار لە جۆری «لۆکاس»، ئەوانە بە سەلامەتی بنیشێننەوە و بیانقۆزنەوە.

سوپای پاسداران لە کۆتاییدا بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرت لە هاندان و شورای کەشتییەکان بۆ تێپەڕبوون لەو ڕێڕەوە مینڕێژکراوانە و جەختی کردەوە کە ئەم هەڵسوکەوتانە تێچووی زۆر قورسیان بەسەر باجدەرانی ئەمریکی و هاوپەیمانە ناوچەیییەکانیدا سەپاندووە. لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەگەر حکومەتی ئەمریکا کەمێک ژیریی تێدا دەبوو، دەتوانی بە ئازادکردنی سەروەت و سامانی بەستراوەوەی ئێران — کە تێچووەکەی زۆر کەمترە لەم زەرەر و زیانانە — خۆی لەم زیانە داراییە قورسانە و شکستە سیاسییە ئابڕووبەرە بپارێزایە.