کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئەمڕۆ شەممە، ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە زۆربەی ناوچەکان نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت، بەڵام لە دوای نیوەڕۆوە لە هەندێک ناوچە بارانی بەلێزمە و هەورەبروسکە ڕوودەدات. ئەم شەپۆلە بارانبارینە بە تایبەتی ناوچەکانی سلێمانی، سەنتەری هەولێر، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەشێک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی دهۆک و گەرمیان دەگرێتەوە و تا درەنگانی ئەمشەو بەردەوام دەبێت.بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەی یەکشەممەش ئاسمان هەور دەبێت و بارانی نمە و مامناوەند بە شێوەی پچڕپچڕ تا ئێوارە لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوام دەبێت، پاشان کەشوهەوا جێگیر دەبێت. پلەی گەرماشی ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ ٤ بۆ ٥ پلەی سیلیزی دادەبەزێت.لە لایەکی دیکەوە، پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی، پێشبینیی کردووە لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمدا ٨٠ تا ١٠٠ ملم باران ببارێت. بەگوتەی ئەو، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە لێزمەباران، تەرزە و هەورەبروسکە ناوچەکان دەگرێتەوە و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە سلێمانی، گەرمیان و ڕاپەڕین هەیە.بەپێی هەمان پێشبینی، شەپۆلەکە تا بەرەبەیانی دووشەممە بەردەوام دەبێت، بەڵام سبەی یەکشەممە کاریگەرییەکەی لاواز دەبێتەوە و بارانی بەلێزمە دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەند و پچڕپچڕ.