لەکاتێکدا هێشتا دوو مانگ ماوە بۆ کۆتایی هاتنی گرێبەستی "گێئۆرگیۆس دۆنیس"، سەرۆکی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە، لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، ئێستا ڕۆژنامەی ئەلریاز هەواڵێکی سەیر و سەمەرەی بڵاوکردووەتەوە.
ئەکاونتی ڕۆژنامەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: کارلۆس کەیرۆشی پورتوگالی نزیکە لەوەی ببێتە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی (سعودیە)مان و بووەتە جێنشینی گێئۆرگیوس دۆنیسی یۆنانی کە گرێبەستەکەی دوای دوو مانگ کۆتایی دێت.
گرێبەستەکەی دۆنیس لەگەڵ هەڵبژاردەی سعودیە تا کۆتایی جامی ئاسیای 2027 چالاک بوو، کە ئەو پێشبڕکێیانە نزیکەی ساڵێک دواخراوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە بیر لە هەڵبژاردنی جێگرەوەی دەکاتەوە، وادیارە کەیرۆش بە جددیترین بژاردە دادەنرێت بۆ بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە!
کەیرۆش دوو جار سەرۆکی هەڵبژاردەی ئێران بووە. جارێک لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2019 و جارێکیش چەند مانگێک پێش مۆندیالی 2022، کاتێک دوای مۆندیال ئێرانی بەجێهێشت.
دوای جێهێشتنی ئێران لە ساڵی 2019، ئەو ڕاهێنەرە پورتوگالییە سەرەتا بوو بە سەرۆکی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی کۆلۆمبیا و دواتر سەرکردایەتی هەڵبژاردەی میسری قبوڵ کرد. پاشان بۆ مۆندیالی 2022 گەڕایەوە بۆ ئێران.
دوای مۆندیالی 2022 لە ئاسیا مایەوە و بۆ ماوەیەکی کورت سەرکردایەتی هەڵبژاردەکانی قەتەر و عومانی گرتە ئەستۆ، بەڵام ماوەی ڕاهێنەرایەتی لەم دوو وڵاتەدا زۆر کورت بوو. هەروەها لە سەروبەندی مۆندیالی 2026 بووە سەرۆکی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی غێنا، بەڵام دوای مۆندیال وازی لە تیپەکە هێنا.
ئێستا لە ڕووداوێکی سەیردا کاندید کراوە بۆ سەرکردایەتیکردنی هەڵبژاردەی سعودیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە تەمەنی ٧٣ ساڵە، کە پێدەچێت کەمێک بەتەمەن بێت بۆ ئەوەی سەرۆکی ڕاهێنەری تیپێک لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام ئێستا دەبێت چاوەڕێ بکەین و بزانین ئەم هەواڵە دەنگۆیە یان دەبێتە واقیع. ناوبراو وەک سەرۆکی ڕاهێنەری ئێران، قەتەر، میسر، عومان بووە و ئێستاش ئەگەر سەرۆکی ڕاهێنەری سعودیە میوانداری جامی جیهانی 2028 بکات، ڕووداوێکی تایبەت و ڕیکۆردێکی تایبەت لە خۆی بەجێدەهێڵێت!