بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند کە پرۆژەی بنیاتنانی شاری جیهانیی زێڕ لە بەغدا، گۆڕانکارییەکی چۆنایەتییە لە دیمەنی ئابوری عێراقدا.

ناوبراو ڕایگەیاند کە پرۆژەی شاری زێڕینی جیهانی لە بەغدا سەکۆیەکە بۆ زیادکردنی بەهای زیادکراو و هاندانی ئابوری. ئەم پرۆژەیە تەنیا لە ڕووی جوانکاری یان بازرگانیەوە نییە، بەڵکوو بزوێنەرێکی ستراتیژی گەشەپێدانە لە چوارچێوەی سیاسەتی نیشتمانیدا بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەهێزکردنی پێگەی عێراق لە زنجیرە بەهای ناوچەیی، بەتایبەتی لە کەرتی کاری دەستیدا کە قازانج بەخشە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پرۆژەیە لەم دواییانەدا لە لایەن ئەنجومەنی ئابوریی وەزیرانەوە پەسەندکرا بۆ ئەوەی بەغدا بکرێتە ناوەندێکی هەرێمی لە پیشەسازی زێڕ و زێڕینگەریی و بازرگانیدا.

مەزهەر محەممەد ساڵح وتی: شاری زێڕی جیهانی وۆرکشۆپ و کارگەی مۆدێڕن بۆ بەرهەمهێنان و دیزاینی زێڕ، سەنتەری بازاڕکردن و ڕاهێنانی پیشەیی و هەروەها تاقیگەی تایبەتمەند بۆ پشکنین و دڵنیابوون لە کوالێتی زێڕ و کانزا بەنرخەکان لەخۆ دەگرێت. دامەزراندنی ئەم شارە یارمەتیدەر دەبێت لە ڕێکخستنی بازاڕ و کۆنترۆڵکردنی مامەڵەکان، هەروەها پاراستنی سامانی نیشتمانی لە بەرامبەر قاچاخ و دابەزینی بەهادا.

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم پرۆژەیە لە بەغدا و نزیک ناوەندە بازرگانی و پیشەسازییەکان جێبەجێ دەکرێت، بۆ دابینکردنی پەیوەندی لۆجستی کارا و ئاسانکاری بۆ پرۆسەی وەبەرهێنان و دابەشکردنی ناوخۆیی و هەرێمایەتی.

بە وتەی ناوبراو، ئەو پرۆژەیە دەرفەتێک دابین دەکات بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هەزاران گەنجی عێراقی بەتایبەتی پیشەوانە لێهاتووەکان و هەلی کارێکی بەردەوام لە کەرتێکی ئومێدبەخشدا دەهێنێتە ئاراوە. بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، عێراق لە بازاڕی بەکارهێنانی زێڕەوە دەگۆڕێت بۆ ناوەندێک بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی زێڕ بە بەهای زیادکراوی بەرز، هەروەها بەشداری دەکات لە هەمەچەشنکردنی ئابوریی عێراق./.