جام کوردی - موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە گفتوگۆیەکی تایبەت و تێرووتەسەلدا لەگەڵ کەناڵی «ئەلمەیادین»، توندترین هۆشداریی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کرد و ڕایگەیاند کە لە ئەگەری هەر دەستدرێژییەکی نوێدا، بازنەی ئاگر و وەڵامدانەوەی ئێران چیتر لە ناوچەکەدا قەتیس نامێنێت.

ڕەزایی بە ئاماژەدان بە گۆڕانی بنەڕەتی لە ستراتیژی بەرگری و هێرشبەریی تاران ڕایگەیاند: «ئەگەر ئەمریکییەکان دەست بۆ گەمژەییەکی تر ببەن و هێرش بکەنەوە سەر خاکی ئێران، ئێمە تەنیا بە لێدانی بنکە نزیکەکان نەوەستین، بەڵکو بنکە سەربازییە دوورەدەستەکانیان، تەنانەت ئەو دوورگانەی وا دەزانن لە مەودای مووشەکەکانی ئێمەدا نین و بەشێک لە بنکەکانی ئەمریکا لەناو وڵاتانی ئەورووپاش دەکەینە ئامانج، بەتایبەت ئەگەر فڕۆکەی ئەمریکی لەوێوە بۆ بۆردومانکردنی ئێران بفڕێت.»

کۆتاییهێنان بە دەنگۆی دانوستان و بەردەوامیی داخرانی گەرووی هورمز  

ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە دانوستانی نهێنی یاخود نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دەکەن، و وتی: «هیچ جۆرە دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکادا لە ئارادا نییە. ئەم دەنگۆیانە بۆ کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان و دابەزاندنی نرخی نەوتە. ئێمە ٧ مەرجی ڕوونمان خستووەتە بەردەمیان و تا بە فەرمی و بەبێ فێڵکردن وەڵامی ئەو مەرجانە نەدەنەوە، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە.» ناوبراو جەختیشی کردەوە کە مەرجی یەکەمی دیپلۆماسیی تاران، کۆتاییهێنانە بە شەڕ لە تەواوی بەرەکاندا، بەتایبەتی لە لوبنان، و ڕێگە نادەن ئەمریکا بەبێ دابینکردنی مافەکانی ئێران لە ناوچەکە دەربچێت.

هەڵسەنگاندنی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ  

سەبارەت بە توانای دوژمن بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ، ڕەزایی باسی لەوە کرد کە توانای سیاسی و یاسایی ترەمپ و نەتانیاهۆ بۆ درێژەدان بە شەڕ تەواو بووە؛ بۆیە لە ئەگەری دەستدرێژییەکی نوێدا، تەنیا توانای ئەنجامدانی هێرشێکی کورتخایەنی ٣ تا ٥ ڕۆژەی نمایشکارییان هەیە، بۆ نموونە بۆردومانکردنی شاخێک بە بیانووی بوونی دامەزراوەی ئەتۆمی، بەڵام ئەمە هیچ دەستکەوتێکی سەربازیی نابێت. ناوبراو هۆشدارییەکی ڕوونیشی دایە وڵاتانی خاوەن بنکەی ئەمریکی: «هەر وڵاتێک هاوکاریی هێرشەکانی ئەمریکا بکات یاخود ئاسمانی بۆ فڕینی فڕۆکەکان بەکاربهێنرێت، بە ئامانجی هەڕەشەئامێزی دەزانین و مافی ڕەوای خۆمانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەڵامی بدەینەوە؛ چونکە لەم جەنگەدا سنووردارکردنەکانی بەرگریمان هەڵگرتووە.»

پاشەکشەی تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوا لە بەرامبەر ئیرادەی ئێران  

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەم بەرپرسە باڵایەی تاران باسی لە شکستی پێشبینییەکانی واشنتن کرد و ڕایگەیاند کە هێزی ئیمان و خۆڕاگری، تەکنەلۆژیای ملیارەها دۆلاریی فڕۆکەکانی ئێف-٣٥ و ئاواکسی ئەمریکای بەزاندووە. ڕەزایی ئاشکرای کرد کە لەم ڕووبەڕووبوونەوانەدا توانراوە دەست بەسەر ٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) زۆر پێشکەوتووی ئەمریکیدا لە ئاسمانەوە بگیرێت و بە ساغی داببەزێنرێن، لەپاڵ بەدەستهێنانی ٢ ژێردەریایی پێشکەوتوو کە توانای ڕۆچوونیان هەیە بۆ قوڵایی شەش هەزار مەتری ئۆقیانووس.

لە کۆتاییدا، موحسین ڕەزایی لە کاتێکدا جەختی لە دروستکردنی هاوپەیمانییەکی ئەمنی و ئابووری لە نێوان ٨ وڵاتی کەناراوی کەنداوی فارس کردەوە، باسی لە دووبارە پۆشینی جلوبەرگی سەربازیی سوپای پاسداران کرد لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ و ئاماژەی بەوە دا کە تا دواهەمین هەناسە وەک سەربازێک ئامادەی بەرگرییە لە خاک و ئاسایشی وڵاتەکەی.