جام کوردی - دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە داوا لە تیمی وەزاریی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکات بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و درێژە بە کارکردن و دەوامکردنیان لە حکومەت بدەن.

ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، کۆبووەوە و داوای لە تیمی وەزاریی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کرد کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و درێژە بە کار و دەوامەکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە کە هەر سەرنج و تێبینی و پێشنیارێک لەلایەن ئەو تیمەوە هەبێت، پێویستە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و چارەسەر بکرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە داوە کە لە گفتوگۆکانی لە بەغدا، جەختی لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی شایستە دارایییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کردووە.

هاوکات، ئەنجومەنی وەزیران شاندی دانوستانکاری ڕاسپاردووە کە لەسەر بنەمای ئەو لەیەکگەیشتن و کەشە ئەرێنییەی لە دوای سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا هاتووەتە ئاراوە، لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ بەردەوام بن، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی و کۆتایی و دادپەروەرانە، لەبارەی جێگیرکردنی موچە و شایستە دارایییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵدا.