بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕاستەوخۆ دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە 21 ی حوزەیران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنەکەی بە " سەرکەوتنی سەربازی گەورە " ناوبرد. حکومەتەکەی لەو کاتەوە هەوڵی سەلماندنی ئەم بانگەشەیە دەدات.

هەروەها هەندێک سەرچاوە بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئێران پێویستی بە " چەندین ساڵ "ـە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوە زیانلێکەوتووەکان، بەڵام میدیایەکی ئەمریکی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم بانگەشەیە " چەواشەکارییە ".

بە پێی ڕاپۆرتی فۆرن پۆلیسی، ئەگەر ئێران بڕیار بدات ڕێگای درووستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بگرێتە بەر، پێدەچێت یەکەم بۆمبی ئەتۆمی " لە ماوەی ساڵێکدا " هەبێت، تەنانەت ئەگەر ئیدارەی ترەمپ ئەمە ڕەتبکاتەوە.

شرۆڤەکارێکی دامەزراوەی کارێنگی بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕۆژی هەینی لە یاداشتێکدا جەختی لەوە کردەوە کە ئێران پێویست ناکات بەرنامە ئەتۆمییەکەی پێشووی خۆی بۆ درووستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بنیات بنێتەوە و ئەمریکا و ئیسرائیل پێیان وایە بەشێکی زۆری کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لە هێرشەکان ڕزگاریان بووە. هەرچەندە کاربەدەستانی ئێران چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەوان بە دوای درووستکردنی چەکی ئەتۆمیەوە نین، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل لە کاتی لەشکرکێشی ئێراندا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەیان کردە ئامانج و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕێگری لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکەن.

بە گوێرەی زانیارییە بەردەستەکان، پێش دەستپێکردنی شەڕ، بەشێکی زۆری کۆگای یۆرانیۆمی ئێران کە نزیکەی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی لەخۆگرتبوو و تا لە سەدا 60 پیتێنراو بوو، لە تونێلەکانی ژێر کۆمەڵگەی ئەتۆمی ئیسفەهاندا هەڵگیرابوو. ناکۆکی لە نێوان دەزگا هەواڵگرییەکان هەیە لە سەر ئەوەی کە ئایا ئێران پێش هێرشەکانی ئیسرائیل ئەو مادانەی گواستوەتەوە یان نا، بەڵام ئیسرائیل و ئەمریکا وردە وردە زیاتر متمانەیان بەخۆیان هەبووە کە ئەو ماددانە نەگوازراوەتەوە.

تونێلەکانی ئیسفەهان زۆر قووڵن، ئەوەندە قووڵن کە بە وتەی ئەو شرۆڤەکارە، ئەمریکا تەنانەت هەوڵی لەناوبردنی نەداوە بە بۆمبە سەنگەر شکێنەکانی و ڕەنگە مووشەکی کرۆزی ئاراستەی دەروازەکانی تونێلەکان کردبێت بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێبکات. بەڵام پێدەچێت ئێران پێشتر خۆی دەرگای تونێلەکانی پڕکردبێتەوە و بەم شێوەیە کاریگەرییە سنوردارەکانی لەشکرکێشییەکەی کەمکردبێتەوە.

بۆیە بانگەشەی دووبارەی بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل کە یۆرانیۆمی پیتێندراو " لە ژێر داروپەردوودا نێژراوە " چەواشەکارییە. ئەگەر کەرەستەکان نەگوازرابنەوە، ئێستا لە تونێلەکاندان.

ئەو شارەزایە ڕایگەیاندووە، ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی نیۆیۆرک تایمز کە دەڵێت ڕەنگە ئێران کێشەی وەرگرتنەوەی یۆرانیۆمەکەی هەبێت، تۆزێک پێکەنیناوییە. بۆ کردنەوەی دەرگای تونێلەکان پێویست بە هیچ تەکنۆلۆژیایەکی ئاڵۆز ناکات و شۆفڵێکی سادە بەسە، هەرچەندە بوڵدۆزەر و کەرەستە میکانیکییەکانیش کارەکە خێراتر دەکەن. ئێران لە ماوەی تەنیا هەفتەیەکدا دوای هێرشەکە دەرگای چوونە ژوورەوەی یەکێک لە تونێلەکانی ئیسفەهانی کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی فۆرن پۆلیسی، ئەگەری زۆرە کە بەشێکی زۆری یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بمێنێتەوە و دوای هێرشەکان دەستیان پێبگات. دەوترێت ئیسرائیل و ئەمریکا هیوادارن بە هەڕەشەکردن لە هەنگاوی سەربازی زیاتر ئێران لە لابردنی پاشگەز بکەنەوە، بەڵام بە وتەی ئەو شرۆڤەکارە " هیچ ئاستەنگێکی تەکنیکی جیدی " لەبەردەم ئێراندا نییە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات.

بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەموو ئەمانە لە ئێستادا هیچ پەیوەندییەکیان نییە، بەو پێیەی ئەمریکا توانای ئێرانی بۆ گۆڕینی یۆرانیۆم بۆ یۆرانیۆمی سەربازی نەهێشتووە. بۆ نموونە، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەمریکا " ناوەندی گۆڕینی ئەتۆمی " ئێرانی لەناوبردووە و " بە بێ ئەو، ناتوانیت چەکی ئەتۆمی درووست بکات ".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەناوبردنی دامەزراوەی ئیسفەهان گورزێکی کوشندە لە توانای ئێران بۆ درووستکردنی بۆمب داوە، بەو پێیەی توانای بەرهەمهێنانی کانزای یۆرانیۆمی لەناوبردووە.

بەڵام ئەو شرۆڤەکارە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕوبیۆ لە سەر ئەم خاڵەش " هەڵەیە " و گۆڕینی ئەم کانزا یۆرانیۆمە کارێکی قورس نییە و ئێرانیش لەو بوارانەدا تاقیکردنەوەی بەرفراوانی ئەنجامداوە و دەتوانێت بە خێرایی ئەم پرۆسەیە لە شوێنێکی دیکە جێبەجێ بکات.

ئەو شارەزایە ڕایگەیاندووە کە ئێمە بە دڵنیاییەوە نازانین ئێران بڕیاری سیاسی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی داوە یان نا، بەڵام ئەمریکا دەبێت ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە ببێتەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پاڵنەری ئێرانی بۆ درووستکردنی بۆمب زیاتر کردووە و تەنیا بەشێکی و کاتی تواناکانی دواخستووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە هێرشە سەربازییە دووبارەکان بۆ سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران " پێدەچێت لە ڕووی سیاسییەوە بەردەوام و کاریگەر نەبن " و ئەگەر ئەمریکا بتوانێت بەشەکانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران و سانتریفۆج لەناوببات، " بەدڵنیاییەوە ئەو کارەی دەکرد ".

بە وتەی ئەو شرۆڤەکارە ئەوەی واشنتن بەدەستی هێناوە، پیشاندانی " سنورداربوونی خۆی بۆ لەناوبردنی دامەزراوە قووڵە ژێرزەمینییەکانی ئێرانە "./.