جام کوردی - لە کاتێکدا بەرپرسانی واشنتۆن و تەلئەبیب بەردەوام جەخت لەسەر تێکشکاندنی توانای سەربازیی و ژێرخانی ئێران دەکەنەوە، وێنە نوێیەکانی مانگە دەستکردەکان و لێدوانی بەرپرسانی هەواڵگیریی و سەربازیی ڕۆژئاوایی، وێنەیەکی تەواو جیاواز نیشان دەدەن.
تاران بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو خەریکی نۆژەنکردنەوەی ئەو ئامانجانەیە کە لە ئەنجامی هەڵمەتە ئاسمانییە دەگمەنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا زیانیان پێگەیشتبوو، کارێک کە نیگەرانییەکی قووڵی لەناو ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئیسرائیلدا دروست کردووە و پرسیاری جدیی لەسەر کاریگەریی درێژخایەنی ئەو هەڵمەتانە دروست کردووە.
لە قووڵایی چیاکانەوە تا بەندەرەکان؛ تاران خێرا برینەکانی تیمار دەکات
پێداچوونەوەی ڕێكخراوە هەواڵگرییەکان و وێنەکانی مانگی دەستکردی کۆمپانیاکانی وەک Planet Labs و Airbus دەریانخستووە کە کارەکانی ئاوەدانکردنەوە لە سەرتاسەری ئێراندا به‌ گوڕوتینێکی زۆرەوە بەردەوامن:
بنکە مووشەکییەکانی کرماشان و دزفول: لە کاتێکدا ئامانج لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ داڕمانی زەوی و ڕووخاندنی ڕێگاکان و وێرانکردنی دەروازەی تونێلە مووشەکییەکان بوو، وێنە سەربازییەکان نیشانی دەدەن کە تیمی ئەندازیاریی ئێران لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ڕێگەکەیان قیرتاو کردووەتەوە، دەروازە ڕووخاوەکانیان هەڵکۆڵیوەتەوە و خەریکی دەرهێنانی ئەو چەکانەن کە لە قووڵایی چیاکاندا بێزیان مابوونەوە.
پرد و شوێنە ستراتیژییەکان: بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل سەرسامیی خۆی نەشاردەوە کاتێک ئاشکرای کرد ئێران توانیویەتی لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا پردێک چاک بکاتەوە کە تەلئەبیب بە سێ بۆمبی گرسنگ لێی دابوو.
بەندەری ئانزالی و دەریای قەزوێن: هەوڵە ئاوەدانکردنەوەکان گەیشتوونەتە کارگەکانی کەشتیسازیی سەر بە سوپای پاسداران، بە مەبەستی ڕاگرتنی چالاکیی هێڵەکانی دابینکردن لەنێوان ڕووسیا و ئێراندا.
کەرتی مووشەکی (کۆمپانیای ڕەجا شیمی): وێنەکان هەروەها نۆژەنکردنەوەی بەشێکی ئەو کارگانە نیشان دەدەن کە پێکهاتەی مووشەکی بەرهەم دەهێنن.
تەحەدای ئیدیعاکانی ترەمپ و نەتانیاهۆ
ئەم ئاوەدانکردنەوە خێرایە، زەبرێکی بەهێزە لە بانگەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل. ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە "سوپای ئێران بەتەواوی تێکشکێندراوە"، و نەتانیاهۆش ئاماژەی بەوە دابوو کە توانای بەرهەمهێنانی مووشەکیی تاران بۆ چەندین ساڵ گەڕێنراوەتەوە دواوە.
بەڵام لەسەر ئەرز، وا دەردەکەوێت هێزی چەکداری و توانای مووشەکیی ئێران پەکینەکەوتووە.
تاڵ ئینبار، شیکەرەوەی باڵا لە ڕێکخراوی هاوپەیمانی بەرگریی مووشەکی لە ئەمریکا ڕایگەیاند: دەرکەوت کە دەنگۆکانی کۆتایی هاتن یان کەمبوونەوەی بەرچاوی مووشەکەکانی ئێران، تەواو هەڵە بوون."
ئێران نەک هەر توانیویەتی بەردەوام بێت لە کەشتییە ئامانجکراوەکان لە گەرووی هورمز، بەڵکو هێرشی مووشەکیی وردیشی کردووەتە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، کە لە کۆتایی هەفتەدا بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی.
بێئومێدی لەناو ناوەندە سەربازییەکانی ئیسرائیلدا
ران کۆخاڤ، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە توانای پیشەسازی و دووبارە بنیاتنانەوەی ئێران "زۆر سەرنجڕاکێشە". لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل لە پشتی پەردەوە بێئومێدیی خۆیان دەربڕیوە.
بەرپرسێکی هەواڵگری ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل هەڵەی ستراتیژی کردووە کاتێک لەبری خەستکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر شوێنە سەربازییە سەرەکییەکان، هەوڵی داوە بە ئامانجگرتنی بازگەکانی بەسیج و دەزگاکانی ئاسایشی ناوخۆ، ڕژێمەکە تووشی داڕمان بکات. ئەو بەرپرسە وتی: ئێران هەموو شتێک دووبارە بنیات دەنێتەوە. من زۆر نیگەرانم."
سەنتەرفیوجەکان بۆ ناو کێوی "پیک ئاکس" دەگوازرێنەوە؟
پەرەسەندنەکان تەنها لە مووشەک و بەندەرەکاندا نانووسێن. دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل پێیان وایە کە ئێران ڕەنگە هەزاران سەنتەرفیوجی ڕواندبێتەوە بۆ ناو تونێلەکانی ناو کێوی "پیک ئاکس" (Pickaxe Mountain)، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی تاران لەژێر زەویدا خەریکی ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەتی لە دوور لە چاوی فڕۆکە جەنگییەکان.
سەنتەرفیوج (Centrifuge) ئامێرێکی تەکنەلۆژیی خێڕای خولاوەیە کە بەپێی هێزی چەقەدوور (Centrifugal Force) کار دەکات بۆ لێکجیاکردنەوەی ماددە جیاوازەکان بەپێی کێش و چڕییەکەیان.
جیم لامسۆن، شیکەرەوەی پێشووی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (CIA) پێی وابوو کەرەستە زۆر پێشکەوتووەکان ڕەنگە ساڵانێکیان پێبچێت تا چاک دەکرێنەوە، بەڵام جەختیشی کردەوە کە ئێران خاوەنی کۆگای ژێر زەویی پڕ لە پێکهاتەی ئامادەیە کە دەکرێت لە کورتخایەندا سەدان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نوێیان لێ دروست بکات.
ئەنجام
سەرەڕای زیانە گەورەکان و تێچووە داراییە قورسەکان، خێرایی کاردانەوەی تاران نیشانی داوە کە ئیرادەی دووبارە بنیاتنانەوەی تا ڕادەیەکی زۆر بەرزە. وەک تاڵ ئینبار کۆتایی بە قسەکانی دەهێنێت: "ئەم مەسەلەیە تەنها پەیوەندی بە ئیرادە، کات و پولەوە هەیە" سێ فاکتەر کە وا دەردەکەوێت تاران تا ئێستاش دەستی بەسەریاندا ڕاگرتبێت.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ