لە سنووری ناحیەی پردێ لە پارێزگای کەرکووک، هێزێکی زۆری ئەمنی جووڵەیان کردووە و دەنگی تەقەش بۆ ماوەیەک بیستراوە. بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، ئۆتۆمبێلە گوماناوییەکەی لە ناوچەکە بینراوە، گومان دەکرێت چەکدارانی داعش تێیدا بووبن و هەوڵیان دابێت بەرەو ناوچەکانی قەرەسالم و دەرماناو بڕۆن.دەوروبەری کاتژمێر ٨:٣٠ی شەو دەنگی تەقە لە ناوچەکە بیستراوە و هێلیکۆپتەری سوپای عێراقیش لە ئاسمانی ناوچەکە سوڕاوەتەوە؛ ئەمەش گومانی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان سوپای عێراق و چەکدارەکان دروست کردووە. فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک، هێزی تایبەتی سوپا و هێزی دژەتیرۆری عێراق لە شوێنەکەن و ئۆتۆمبێلەکەش بە درۆن چاودێری دەکرێت.هێزەکانی سوپای عێراق بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان، ڕێگەی کەرکووک ـ هەولێریان بۆ ماوەیەک داخستبوو، بەڵام دەوروبەری کاتژمێر ٨:٣٠ی شەو جارێکی تر کرایەوە. هێشتا زانیارییەکی فەرمی لەبارەی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە بڵاو نەکراوەتەوە.