جام کوردی - لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی وەڵامدانەوەی سەربازی بە "دەستدرێژییەکانی سوپای ئەمریکا"، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران رایدەگەیەنێت کە راداری پدافەندیی ئەمریکایان لە بنکەی هەلیکۆپتەری "رەفاع" لە وڵاتی بەحرەین کردووەتە ئامانج.

بەپێی ئەو بەیاننامەیەی کە لەلایەن پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە بەکارهێنانی ٦ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن)ی هێزی هەوافەزای سوپای پاسداران ئەنجامدراوە و ئامانجەکە بە تەواوی پێکراوە. دەنگۆی پێکرانی وردی ئەم ئامانجانە لە ناوچە جیاجیاکانی بەحرەین بیستراوە و وەک ئاماژەیەک بۆ توانای ئۆپەراسیۆنی سپا وەسف کراوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەمریکا کە لە بەرنامەی گوایە ئەسکۆرتکردن و لە راستییدا قاچاخی نەوت لە گەرووی هورمزدا تووشی شکستێکی تەواو بووە، ئێستا هەوڵ دەدات بە کردەوەی بچووک و بێ ئەنجام، سەرنجی جیهان لە راستیی داخستنی ئەو رێڕەوە ستراتیژییە لابدات."

ئەفسەرانی سوپای پاسداران بە دەنگێکی رەسا جارێکی دیکە جەختیان کردەوە کە "گەرووی هورمز داخراوە" و هەر جۆرە دەستدرێژییەک لەلایەن ئەمریکاوە، وەڵامێکی توندتر و کوشندەتری بەدوادا دێت.

هەروەها لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە درۆنە گرانبەهاکانی ئەمریکا یەک لە دوای یەک دەخرێنە خوارەوە و ژمارەی ئەو درۆنانەی سپا کە لەم قۆناغەدا بەکارهاتوون، زیاتر بووە لە قۆناغی پێشوو؛ ئەمەش وەک پەیامێک بۆ ئەوەی "دژمن بزانێت هەر دەستدرێژییەک، وەڵامێکی سەخت و بە حسابکراوی بەدواوەیە."