جام کوردی - لە کاتێکدا دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا پێویستییان بە دیالۆگ و لێکگەیشتنی زیاترە، سەردانی شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەولێر و دیدار لەگەڵ «نێچیرڤان بارزانی»، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی ڕوونی دیپلۆماسی و ئەرێنیی هەڵگرتووە. ئەم جوڵە دیپلۆماسییە جارێکی دیکە جەختکردنەوە بوو لە ڕۆڵی گرنگی تاران وەک دراوسێیەکی کاریگەر کە هەمیشە داوای سەقامگیری و یەکڕیزیی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە.
پەیوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی و قووڵە کە تەنیا لە چوارچێوەی ئەمنی و ئابووریدا کورت نابێتەوە. ئەگەر لە گۆشەنیگای مێژووییەوە سەیری ئەم پەیوەندییە بکەین، دەبینین ئێران لە سەختترین قۆناغەکانی خەباتی کورد بەرامبەر ڕژێمی بەعس، لە خەم و ئازارەکانی وەک «ئەنفال» و «کیمیابارانی هەڵەبجە»دا، دەرگاکانی خۆی بە ڕووی لێقەوماوانی کورددا کردەوە و پشتیوانییەکی مرۆیی و سیاسیی بەهێزی پێشکەش کرد.
لە ساڵانی نەوەدەکاندا، کاتێک ناکۆکییە ناوخۆییەکان هەڕەشەیان لە دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان دەکرد، تاران بە ڕۆڵی نێوەندگیریی خۆی هەوڵی دا ئاشتەوایی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان دروست بکات. دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش، ئێران یەکەمین وڵات بوو کە بە پشتیوانیی سیاسی و دیپلۆماسی، یارمەتیی دامەزراندنی حکومەتی نوێی عێراقی دا و بە کردنەوەی یەکەمین کۆنسوڵخانە لە هەولێر و سلێمانی، پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر کرد.
ئەمڕۆش، لە کاتێکدا ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێم و ئاڵنگارییەکانی پەیوەندیی هەولێر-بەغدا بوونەتە جێگەی بایەخ، تاران جەخت لەسەر «سەقامگیری» دەکاتەوە. پەیامی ئێران ڕوونە: یاساکان و دەستووری عێراق چارەسەری کێشەکان دیاری دەکات. پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە «یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان» و هاندانی لایەنەکان بۆ بەکارھێنانی «ڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە»، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران بە مانای سەقامگیریی ناوچەکە و دڵنیایی ئاسایشی سنوورەکانە.
لە دیدارەکەی ئەم دواییەی شاندی باڵای ئێران لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، جارێکی دیکە جەخت لەسەر فراوانکردنی هاریکارییەکان لە هەموو بوارەکاندا کرایەوە. ئەم هاریکارییە کە ئامانج لێی دابینکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانە، پەیامێکی هیوابەخشە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە یەکڕیزی و بە پشتیوانیی دراوسێ بەهێزەکانی، بتوانێت قۆناغە سەختەکان تێپەڕێنێت. پێویستە ئەم دەرفەتە دیپلۆماسییە بە هەند وەربگیرێت؛ چونکە تاران هەمیشە وەک هێزێکی خێرخواز بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان و پتەوکردنی بناغەی ئاشتی لە عێراق و کوردستاندا ڕۆڵی گێڕاوە و خوازیاری هەرێمێکی بەهێز و سەقامگیرە.